وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، سەرۆکی گەورە شارەوانی وانی لە کارەکەی دوورخستەوە و قەیوومى لە جێگە دانا.
وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ئاماژەی بەوەکرد، بەهۆی سزادانی لەلایەن دادگاوە، عەبدوڵا زەیدان، سەرۆکی گەورەشارەوانی وانی لە کارەکەی دوورخستووەتەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی وەزارەتەکە، ئۆزان باڵجی، پارێزگاری وان وەک قەیووم لە جێگەی زەیدان دانراوە، کە وەزارەتەکە بە بریکاری سەرۆکی شارەوانی ناویدەبات.
11ـی ئەم مانگە، دادگای سزا قورسەکانی دیاربەکر، لە دوایین دانیشتندا، بە تۆمەتی هاوکاریی پەکەکە، سزای سێ ساڵ و نۆ مانگ زیندانی بەسەر عەبدوڵا زەیداندا سەپاند.
لەدوای هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی 31ی ئازاری رابردووەوە تا ئێستا، 11 سەرۆکی شارەوانی دووخراونەتەوە و قەیووم لە جێگەیان دانراوە، کە نۆیان سەر بە پارتی دەم و دووانیان سەر بە جەهەپە بوون.
ئەو شارەوانییانەی پارتی دەم قەیوومیان لە جێگە دانراوە بریتیین لە جۆلەمێرگ، مێردین، ئێلهـ، دەرسیم، خەلفەتی، ئاکدەنیز، مکس، سێرت و وان.