کانزا دەگمەنەکانی ئۆکراین، دواین کارتی زێلێنسکی

ئۆکراین بە “سەبەتەی نان”ی ئەوروپا ناسراوە، بەهۆی زۆری بەرهەمە دانەوێڵە گرنگەکانییەوە، لەگەڵ ئەمەشدا، خاوەنی سەرچاوەیەکی دەولەمەند و دەگمەنی کانزا بەهادارەکانە.

 

لە ئێستادا، سەرچاوە کانزاییە دەگمەنەکان و ئەو کانانەی کە دەوڵەمەندن بە ماددە کانزاییەکان باسی رۆژن و کانزا بەرامبەر هاوکاری سەربازی کراوەتە کارتێک و ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین دەیەویت پێی بگاتە ڕێککەوتنێک لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا.

 

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، لە میانەی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی ڕۆیتەرز، دووپاتیکردەوە؛ کەمتر لە سەدا ٢٠ی سامانە کانزاییەکانی ئۆکراین کە نزیکەی نیوەی یەدەگی زەوییە دەگمەنەکانیشی تێدایە، لەو ناوچانەدان کەڕووسیا داگیری کردوون.

 

لای خۆیەوە دۆناڵد ترەمپ لە سەرەتای مانگی شوباتدا ڕایگەیاندبوو، دەیەوێت کیێڤ زەوییە دەگمەنەکان بۆ ئەمریکا پێشنیار بکات لە بەرامبەر پاڵپشتیکردن لە بەردەوامی هاوکارییە سەربازییەکان دژی ڕووسیا.

 

بیرۆکەی پێشکەشکردنی سەرچاوە کانزاییەکان لەلایەن زێلێنسکی لە چوارچیوەی “پلانی سەرکەوتن”دا خرایە ڕوو کە لە پاییزی ٢٠٢٤دا پێشکەشی هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی کرد، لە نێویاندا ترەمپ.

 

بەپێی داتاکانی وەزارەتی ئابووری لە کیێڤ، ئۆکراین سەرچاوەی ٢٢ کانزای گرنگی هەیە لە کۆی ٣٤ کانزا کە لە لیستی یەکێتی ئەوروپادا بە گرنگییەکی ناودەبرێن.

 

ئەم سەرچاوانە بریتین لە کەرەستەی پیشەسازی، کەرەستەی بیناسازی، کانزای ئاسن، یەدەگی بەرفراوانی خەڵوز.

بەپێی ئاماری دامەزراوەی جیۆلۆجی ئۆکراین، کیێڤ خاوەنی توخمە دەگمەنەکانی وەک لانتانۆم و سیریۆمە، کە لە پیشەسازی تەلەفزیۆن و ڕووناکیدا بەکاردەهێنرێن.

نیۆدیمیۆم، کە لە تۆرباینەکانی با و پاتری ئۆتۆمبێلی کارەبایی بەکاردێت.

ئێربیۆم و ئیتریۆم، کە بەکارهێنانیان لە وزەی ئەتۆمیەوە دەست پێدەکات تا دەگاتە لەیزەر.

 

بەپێی داتاکان، کە لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە پارەی بۆ دابینکراوە، ئۆکراین یەدەگی ماددەی سکاندیۆمی هەیە کە لە پیشەسازی فڕۆکەوانیدا بەکاردەهێنرێت.

 

بەپێی وتەی سەرۆکی ئۆکراین، وڵاتەکەی زۆرترین یەدەگی تیتانیۆم و یۆرانیۆمی لە ئەوروپادا هەیە.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتێک کە ماڵپەڕی کۆڕبەندی ئابووری جیهانی بڵاویکردووەتەوە، ئۆکراین، دابینکەری سەرەکیی (لیسیۆم، بێریلیۆم، مەنگەنیز، گالیۆم، زیرکۆنیۆم، گرافیت، ئاپاتایت، فلۆرایت و نیکل)ە.

ئۆکراین یەکێک لە گەورەترین یەدەگی لیسیۆمی سەلمێنراوی ئەوروپای هەیە، کە نزیکەی ٥٠٠ هەزار تۆن -مەتر، مەزەندە دەکرێت.

 

لیسیۆم لە دروستکردنی پاتری و سیرامیک و شووشەدا بەکاردێت، لەکاتێکدا یەدەگی تیتانیۆم زیاتر لە باکووری ڕۆژئاوا و ناوەڕاستی ئۆکراین چڕبووەتەوە، لیسیۆمیش دەکەوێتە ناوەڕاست و ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکراین.

 

یەدەگی گرافیت لە ئۆکراین کە پێکهاتەیەکی سەرەکییە لە پاتری ئۆتۆمبێلی کارەبایی و ڕیاکتۆرە ئەتۆمییەکان، ٪٢٠ی سەرچاوەکانی جیهان پێکدەهێنن و لەناوەڕاست و ڕۆژئاوای وڵاتەکەدا چڕبوونەتەوە.

 

بڕی ئەو سەرچاوانەی کە ئۆکراین هەیەتی

تیتانیۆم

لە یەدەگی تیتانیۆمدا پێشەنگی ئەوروپایە و لە پلەی دەیەمی جیهاندایە، لەسەدا ٧ی بەرهەمی جیهانی بەرهەمدەهێنێت، هەروەها ٢٨ کێڵگەی هەیە کە لێیەوە دەردەهێنرێت، هاوکات کانزای زیادەی وەک زیرکۆنیۆم لە کاتی پرۆسەی بەرهەمهێنان لەم ماددەیە بەرهەمدەهێنرێت.

 

لیسیۆم

یەک لەسەر سێی یەدەگی لیسیۆمی ئەوروپای بەدەستەوەیە و نزیکەی لەسەدا ٣ی بەرهەمی جیهانی پێکدەهێنێت.

 

گرافیت

لەسەدا ٢٠ی سامانی گرافیتی لە جیهاندا هەیە، یەدەگی نزیکەی ١٩ ملیۆن تۆن کانزای هەیە و لەڕووی یەدەگەوە یەکێکە لە پێنج گەورەترین وڵاتی جیهان.

 

نیکل و کۆبالت

ئۆکراین ١٢ ناوچەی کانگاکردنی نیکل سیلیکاتی هەیە، هەروەها کۆبالتی تێدایە وەک بەرهەمێکی لاوەکی، یەدەگی کۆبالت بە ٩ هەزار تۆن مەزەندە دەکرێت.

پەیوەنیدر