عەبدولواحید محەمەد – مامۆستا
ئەوەی ڕاستی بێت کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە ٢٠١٤ەوە، هەموو ساڵێک لە سەروبەندی پەسندکردنی بودجەوە، گوێبیستی ڕێککەوتن و لێتێگەیشتن و کۆمەڵێک دەستەواژەی عەجایب لەلایەن بەرپرسەکانەوە بوونە، لەوانە، ناردنە دەرەوەی ئەوەندە بەرمیل نەوتە، داهاتی نانەوتی بەو شێوەیە دەبێت،حکومەتی ناوەند ئەو گوژمە پارەیە مانگانە بۆ مووچە دەنێرێت، ئەوەندەش بۆ وەبەرهێنان، بە تێکڕا و بە ژمارە بواری پێ دەهاتە چۆکان، بەرپرسەکانیش بۆ پێ فرۆشتنەوە بە هاووڵاتیان و بەنج کردنیان، تەلەفزیۆنەکانیان بە زەمان دەگرت، گوایە شیکردنەوەی بۆ بڕگە و بابەتەکانی ڕێککەوتنەکە دەکەن، کەچی لە جەوهەردا بۆ ئەوە بوو شان و باڵی خۆیان پێ بابدەن، وەک ئەوەی ئەو بە تەنیا بووە و فەزڵەکەش هەر دەگەڕێتەوە بۆ ئەو.
بێگومان کۆمەڵانی خەڵک بە گشتی و مووچەخۆرە ڕاستەقینەکان بە تایبەتی بەوە دڵخۆش دەبوون، بەوەی چیتر بودجە ومووچە نابنە کۆسپ و لەمپەر لەبەردەم کۆی جومگە و ئۆرگانەکانی ئەم هەرێمە، لێ مخابن هەمووی دوای چەند ڕۆژێک ئەوپەڕەکەی مانگێک یان هەندێک زیاتر، ڕێککەوتنەکە لە ڕووی پراکتیکیەوە ڕووبەڕووی گرفت دەکرایەوە.
هەر یەک لە حکومەتی ناوەند و حکومەتی هەرێم، لەسەر ئەوە یەکدیان بە بەرپرسیار دەزانی، بۆ نمونە ناوەند پاساوی ئەوەبوو هەرێم نەوت نانێرێتە دەرەوە یان داهاتی نانەوتی ڕادەست ناکات، ئەو گرێبەستانەی بۆ دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت کراوە، وردەکارییەکەی نادیارە و ڕوون نییە، هەرێمیش بەردەوام تەئکیدی لەوە دەکردەوە حکومەتی ناوەند ئامادە نییە هەقدەستی کۆمپانیاکان بدات، بۆ ئەوە لە بری چارەسەر بوجە و مووچەی دەبڕێت.
ئیتر ڕێککەوتنەکە لەنێوان ئەو بێنە و بەردەیە دەبووە مەرەکەب لەسەر کاغەز، لەو نێوەندەدا شەیەکە لەسەری مامۆستایان و فەرمانبەران دەشکا.
ئەو سیناریۆ بێزراوە زیاتر لە دە ساڵی خایاند، بە دڵنیاییەوە مووچەخۆرانی ئەم هەرێمە ئەوەندە ئازاریان پێ گەیوە، هەر نایەنەوێت بە بیریان بێتەوە، مەگەر بۆ ئەوە نەبێت نەفرەت لەوانە بکەن کە ئەو بارودۆخە ئازاربەخشەیان بەسەردا هێنان.
سەرباری ئەو هەموو ناسۆری و دەردەسەری و بە نانی شەو و ڕۆژ ئیدارەکردن، بەڵام لە خۆبووردووانە هەر بەردەوام بوون لەو ئەرکانەی لەسەریان بوو، زۆر دڵسۆزتر لەوانەی ناویان لەخۆناوە دەسەڵات بە دەست و بەرپرس، ئێستاشی لەگەڵدا بێت هەر بەوشێوەیە.
ڕاستییەک هەیە پێویستە بوترێت دان بە خۆداگرتنی ئەم گەلە خێر لە خۆ نەدیوە، هەرگیز لەبەر ئەو بەرپرسانە نەبووە کە بوونەتە کرمی مشەخۆر لەسەر پێست و خوێن و گۆشتیان دەژین، بەڵکو لەبەر خاتری ئەو هەموو قوربانییە بێشومارەیە کە بە دەیان ساڵە بەخشیویانە بە ئێستاشەوە دەیبەخشن لە دژی داگیرکەران و نۆکەرانیان، بۆ ئەوەی سەربەرز و ئازاد بژین.
بۆیە ئەوانەی خەمیان دەسەڵات و کۆکردنەوەی سەروەت و سامانە نەک بۆ خۆیان بۆ مناڵە وردتکەکانیشیان، دەبێت تێبگەن ڕەوشەکە هەروا بۆیان شامی شەریف نابێت، چونکە ئەم خەڵکە خەریکە سەبر و هەداری لە بن بێت، چیتر قبوڵیان نییە نان و دروشمی سواوە بخۆن، هەروەک هەڕەشە و گوڕەشەش باوی نماوە و بەسەرچووە.
لە ژێر ڕۆشنایی ئەو داکەوتەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا، دەبێت حکومەتی هەرێم هەموو هەوڵێک بدات هاووڵاتیانی هەرێم بە گشتی و مووچەخۆرە ڕاستەقینەکان بە تایبەتی، لەم کولە مەرگیە ڕزگاریان بێت و نەفەسێک بدەن، دیارە ئەو ڕێککەوتنە تازەیەی کراوە کە من پێموایە شەقی زەمانە هێناویتیە بەرهەم، هەلێکی باشە، ڕەنگە هەموو ئەو ئاڵنگاریانەی لە پێشدان هەبوون زۆر کەمی بکاتەوە.
خۆ ئەگەر هەردوو لا بە دەقیقی پابەندبن پێیەوە ڕەنگە هەر نەمێنێت، بۆیە، دەبێت لێنەگەڕێن ئەم ڕێککەوتنەش لەبار بچێت وەکو ڕێککەوتنەکانی پێشوو، بە تایبەت حکومەتی هەرێم، چونکە بارۆدخەکە ئەوەندە هەستیارە بواری بۆ ئەوە نەهێشتۆتەوە وەرەقەی کۆن و سوتاو لەسەر حیسابی ئەم میللەتە بەکاربێت، جارێکیتر بگەڕێنەوە چوارگۆشەی یەکەم، دڵنیابن برسیەتی ڕێیەکە هاریە و تەڕ و وشکیش پێکەوە دەسوتێنێ.
ئەو دەم ئەنگوست گەستن داد نادات