ئەمریکا بۆ ئۆکراین؛ هاوکاری بەرامبەر کانزا

لە چوارچێوەی کێبڕکێی توندی نێودەوڵەتی لەسەر کانزا دەگمەنەکان، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا چوارچێوەیەکی نوێی بۆ هاوکاری نێوان وڵاتەکەی و ئۆکراین پێشنیار کرد و بەردەوامی هاوکارییەکانی کیێڤی بە دەستڕاگەیشتن بە کانزا بەهادارەکانی ئەو وڵاتە بەستەوە.

 

لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان ترەمپ خواستی خۆی بۆ دانوستان لەسەر ڕێککەوتنێک ڕاگەیاند، کە گەرەنتی پشکی ئەمریکا لە کانزا دەگمەنەکانی ئۆکراین بکات، لە بەرامبەر بەردەوامی هاوکارییەکانی وڵاتەکەی.

 

ئەم پێشنیازە ئەمریکییە دوور نەبوو لە تێڕوانینەکانی کیێڤ، وەک چۆن ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکراین، پێشتر لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوودا پێشنیاری کردبوو، بۆ هاوبەشییەکی ستراتیژی لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمان بۆ دەستڕاگەیشتن سامانی کانزایی وڵاتەکەی.

 

هەوڵەکانی ترەمپ گرنگییەکی ستراتیژی هەیە، بەتایبەتی لەبەر ڕۆشنایی سامانە کانزاییە زەبەلاحەکانی ئۆکراین، کە دەیکاتە زلهێزێکی جیهانی لەم بوارەدا، لەکاتێکدا ئەمریکا ئاواتەخوازە بەدیلێکی متمانەپێکراو بۆ ئەم کانزا گرنگانە بدۆزێتەوە کە چین زاڵە بەسەریاندا.

لەسەدا ٥ی کۆی گشتی جیهان پێکدەهێنێت

ئۆکراین، لەبواری سامانە کانزاییەکاندا خاوەن سامانێکی زەبەلاحە و لەسەدا ٥ی کۆی گشتی جیهان پێکدەهێنێت.

 

بەپێی ڕاپۆرتێکی کۆڕبەندی ئابووری جیهانی، یەدەگی کانزا دەگمەنەکان و لیسیۆمەکەی لە نێوان سێ ترلیۆن بۆ ١١.٥ ترلیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ناوەندی ناتۆ بۆ ئاسایشی وزە، خاکی ئۆکراین نزیکەی ٢٠ هەزار کانگای سروشتی تێدایە کە ١١٦ جۆر کانزایان تێدایە، کە تەنها لەسەدا ١٥ی ئەو کانزایانە پێش لەشکرکێشی ڕووسیا دەکران.

 

ئۆکراین،خاوەنی گەورەترین یەدەگی تیتانیۆمە لە ئەوروپادا کە لەسەدا ٧ی یەدەگی جیهانی پێکدەهێنێت.

 

هەروەها یەکێکە لەو وڵاتە کەمانەی کە تایبەتە بە کانگاکردنی کەرەستەی خاو لەم مادەیە کە لە کەرتە گرنگەکانی وەک کەشتیگەلی ئاسمانی، پزیشکی، ئۆتۆمبێل و پیشەسازییە دەریاییەکان بەکاردەهێنرێت، هەروەک تا مانگی شوباتی ٢٠٢٢، دابینکەرێکی سەرەکی تیتانیۆم بووە بۆ کەرتی سەربازی.

 

ئۆکراین پێگەیەکی بەرچاوی هەیە لە بەرهەمهێنانی لیسیۆم کە توخمێکی سەرەکییە لە دروستکردنی پاتری و سیرامیک و شووشەدا، بەو پێیەی یەکێکە لە گەورەترین یەدەگەکانی سەلمێنراو لە ئەوروپادا کە نزیکەی 500 هەزار تۆنە.

 

هەروەها لە پلەی پێنجەمی جیهاندایە لە بەرهەمهێنانی گالیۆم، کە لە نیمچە ڕێبەرەکان و دایۆدی ڕووناکی دەرهێنەردا بەکاردەهێنرێت، هەروەها سەرچاوەیەکی سەرەکی بووە بۆ گازی نیۆنی پاکی بەرز، کە لە دروستکردنی چیپی ئەلیکترۆنیدا بەکاردەهێنرێت.

 

ئۆکراین خاوەنی یەدەگی سەلمێنراوی کانزا ستراتیژییەکانی دیکەیە، وەک زیرکۆنیۆم و ئاپاتایت کە لە بەکارهێنانی ئەتۆمی و پزیشکیدا بەکاردەهێنرێت، بێریلیۆم کە لە پیشەسازییەکانی وزەی ئەتۆمی، بۆشایی ئاسمان، سەربازی و ئەلیکترۆنیدا بەکاردەهێنرێت، هەروەها یۆرانیۆمی پێویست بۆ کەرتی ئەتۆمی و سەربازی.

 

وڵاتەکە بە یەدەگی گەورەی کانزای ئاسن و مەنگەنیزی کوالیتی بەرز ناسراوە، کە بۆ بەرهەمهێنانی پۆڵا سەوزەکان پێویستن و لە ساڵی ٢٠٢١دا نزیکەی لەسەدا ٤٣ی هاوردەکردنی پۆڵا لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە دابینکردووە.

 

سامانی کانزای ئۆکراین درێژ دەبێتەوە بۆ یەدەگی گەورەی کانزا نائاسنییەکان، لە مس، قورقوشم، زینک و زیو.

 

هەروەها خامی نیکل و کۆبالت لە ناوچە تاڕادەیەک سەلامەتەکانی کیرۆڤۆهراد و دنیپرۆپیترۆڤسک بەردەستە، لەکاتێکدا یەدەگی گرافیت لە وڵاتەکەدا لەسەدا ٢٠ی سامانی جیهانی پێکدەهێنێت.

لە ڕیزبەندی ١٠ وڵاتی سەرەکی جیهاندایە

ئۆکراین لە ڕیزبەندی ١٠ وڵاتی سەرەکی جیهاندایە کە خاوەنی ژمارەیەک کانزای دیکەی وەک؛ برۆم، مەگنیسیۆم، مەنگەنیز، خەڵوز، ئاسن و کاولینە.

ئەم واقیعە دەوڵەمەندە کانزاییەی ئۆکراین، لەگەڵ پێشنیارەکەی سەرۆکی ئەمریکا، مشتومڕێک لەسەر ڕەهەندە ستراتیژی و ئابوورییەکان و کاریگەرییە ئەگەرییەکانی لەسەر نەخشەی هاوسەنگی هێزی جیهانی سەبارەت بە کەرتی کانزا دەگمەنەکان دەوروژێنێت.

 

لە پلانێکی ئاشتیدا کە لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوودا پەردەی لەسەر لادرا، زێلێنسکی بەبێ ئەوەی بە تایبەتی باس لە کانزا دەگمەنەکان بکات، پێشنیاری “ڕێککەوتنێکی تایبەتی” لەگەڵ هاوبەشەکانی وڵاتەکەی کرد کە ڕێگە بە “پاراستنی هاوبەش” و “بەردەستبوونی ستراتیژی هاوبەشی سەرچاوەکانیان” بدات، بەتایبەت لە ڕووی؛ “یۆرانیۆم، تیتانیۆم، لیسیۆم، گرافیت و سەرچاوە ستراتیژییە بەنرخەکانی دیکە.”

 

کیێڤ واژۆکردنی ڕێککەوتنی هاوکاری لە بواری کانزاکان لەگەڵ ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دواخستبوو، ئەمەش لە هەنگاوێکدا کە بە”چاوەڕوانی دەستبەکاربوونی ترەمپ” لێکدرایەوە.

 

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردووەتەوە، لە مانگی کانوونی دووەمدا شاندێکی حکومەتی ئۆکراین لەگەڵ بازرگانانی ئەمریکی لە واشنتۆن کۆبوونەوە و گرێبەستە بازرگانییە ئەگەرییەکانیان خستەڕوو کە بریتی بوون لە بەدەستهێنانی مۆڵەتی بەرهەمهێنان بۆ کانزا گرنگەکان، ڕاستەوخۆ یان لە ڕێگەی هاوبەشی لەگەڵ خاوەن مۆڵەتەکانی ئێستا.

 

لە لێدوانێکیدا لەسەر لێدوانەکەی ترەمپ، بەرپرسێکی باڵای ئۆکراین بە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ڕاگەیاندووە، ئۆکراین “ئامادەیە لەگەڵ ئەمریکا کاربکات لەسەر ڕێککەوتنی کانە دەگمەنەکان، بەمەرجێک ئەمریکا گەرەنتی ئەمنیی تەواو پێشکەش بکات “.

 

ئێستا ئۆکراین “پێویستی بە بەهێزکردنی توانا سەربازییەکانی هەیە لە ژێر ڕۆشنایی دۆخێکی ئابووریدا کە ڕێگەی پێنادات پڕۆژەی گەشەپێدان جێبەجێ بکات، ئەمەش بەهۆی پێویستی بە ئاوەدانکردنەوەی دوای جەنگ”.

خزمەتی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا دەکات

لەلایەکی دیکەوە، ئەم هەنگاوە “خزمەتی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا دەکات، کە هەوڵدەدات گەڕانەوەی ئابووری درێژخایەن لە هاوکارییەکانی بۆ کیێڤ مسۆگەر بکات، هەروەها ڕووبەڕووی هەژموونی چینی دەبێتەوە لەو بوارەدا، ئەوەش بە کەمکردنەوەی پشتبەستن بە هەناردەی چینی و بەرزکردنەوەی توانا تەکنەلۆژی و سەربازییەکان”.

 

جێبەجێکردنی ئەم پلانانە ڕووبەڕووی چەندین تەحەدا دەبنەوە، دیارترینیان “پێویستی گەڕان بۆ هەڵسەنگاندنی وردی یەدەگەکان، ئەمە جگە لە تەحەدای ڕووسیا، بەتایبەتی کە بەشێک لە کانەکان دەکەونە ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری ئۆکراین، کە ململانێکان تێیدا پەرەی سەندووە”.

 

پێشڕەوی هێزەکانی رووسیا وایکردووە مۆسکۆ بتوانێت یەدەگی گرنگی ئەو کانزایانە کۆنترۆڵ بکات و ئێستا هێزەکانی لە کانەکانی لیسیۆم لە ناوچەی دۆنێتسک نزیکن.

 

پەیوەنیدر