بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێمی كوردستان ئاگادارییەکی لەبارەی ئاهەنگەکانی سەری ساڵەوە ئاڕاستەی هاوڵاتییان کرد.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرگریی شارستانی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، ئەو شوێنانەی ئامادەکارییان بۆ ئاهەنگگێڕان کردووە، دڵنیابن لە بوونی مەرجەکانی بەرگریی شارستانی بە پێچەوانەوە کارەسات روودەدات هاوشێوەی هۆڵەکەی حەمدانییە لە پارێزگای موسڵ.
دەقی ڕاگەنراوەکە:
هاووڵاتی خۆشەویست ..
بۆ سەلامەتیی هەموو لایەک لە ئاهەنگەکانی شەوی سەری ساڵ لەکاتی بەکارهێنانی یاریی ئاگرین تکایە ڕەچاوی ئەم ڕێنماییانەی خوارەوە بکە بۆئەوەی شەوێکی ئارام و دوور لەکارەسات بەسەربەریت.
ڕێنماییەکان:
١-نابێت بەهیچ شێوەیەک منداڵان یاریی ئاگرین بەکاربهێنن.
٢-لەناو ئۆتۆمۆبیل و لەکاتی لێخوڕین بەکارهێنانی یاری ئاگرین مەترسیدارە.
٣-نابێت لە نزیک باڵەخانە و دار و هەر ماددەیەکی خێرا گڕگڕتوو بەکاربهێنرێت چونکە دەبێتە هۆی ئاگرکەوتنەوە.
٤- بەهیچ شێوەیەک لە شوێنی داخراو بەکارناهێنرێت.
٥- نابێت لە ژێر تەلەکانی کارەبا بەکاربهێنرێت و مەترسیدارە .
٦- لە نزیک تانکی نەوت و بەنزینخانەکان بەکارهێنانی کارەساتی لێ دەکەوێتەوە .
٧-لە نزیک مۆلیدەکان بەکارهێنانی مەترسیدارە بەهۆی بوونی تانکی گاز و تەلی کارەبا.
٨- ئەو شوێنانەی ئامادەکارییان بۆ ئاهەنگگێڕان کردووە، تکایە دڵنیابن لە بوونی مەرجەکانی بەرگریی شارستانی بە پێچەوانەوە کارەسات ڕوودەدات هاوشێوەی هۆڵەکەی پارێزگای موسڵ.
هەر لە ڕاگەنراوەکەدا ئاماژەیان بەوەداوە، هاوڵاتییان دەتوانن لەهەر بارودۆخێکی نەخوازراودا پەیوەندی بە ژمارە (115) بکەن تاوەکو بە زووترین کات تیمەکانمان بگەنە شوێنی مەبەست.