کورد و پێشھاتەکانی سووریا

شێرکۆ کرمانج – چاودێری سیاسی

یەکەم، ھەر لاوازبوونێکی ناوەند لە قازانجی کوردە، بەشار ئەسەد و ھاوکارەکانی، ئێرانییەکان و حیزبوڵا لاواز کراون، لە ئاکامی گورزەکانی ئیسرائیل، ئەوەی ڕوودەدات بەشێکی دەرکەوتەی ئەم لاوازبوونەیە، بۆیە ئێستا کورد لە ڕۆژاڤا بەھێز دەبێت.

دووەم، سەرکەوتنی تیرۆریستە بەکرێگیراوەکانی تورکیا ھەڕەشەن لەسەر کورد، بەڵام بۆ مسۆگەرکردنی پشتیوانانی کورد، ئەمریکا و ئیسرائیل، ئاسانترە کە دژی تیرۆریستەکان ھاوکاریان بکەن نەک دەوڵەت.

بەواتایەکی دیکە، ئەمریکا و ئیسرائیل یارمەتی بکەرێکی نادەوڵەتی لە دژی بکەری نادەوڵەتی دەدەن، وەک ھەیئەی تەحریر شام یان داعش، بەڵام خۆدەپارێزن لە پشتیوانی کورد ئەگەر دژی بکەرێکی دەوڵەتی بێت، وەک تورکیا و سووریا.

ئەزموونی ڕابردوو ھەم لە باشوور ھەم لە ڕۆژاڤا ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە، بەکورتی لە ھێرش نا بەڵام ھەڕەشە لە ناوچەکانی ژێردەستی ھەسەدە بکرێت، پێموایە بێ سێ و دوو ئەمریکا و ئیسرائیل سەرکوتی جەبھەی تەحریر شام و چەتەکانی تورکیا و تیرۆریستەکانی دیکە دەکەن.

سێیەم، کورد ھەوڵدا کە ناوچەکانی خۆی بپارێزێت، بە گەڕەکی شێخ مەقسودی ناو حەلەبیش، بەڵام خۆی لە شەڕی تیرۆریست و چەتەکانی تورکیا بپارێزێت باشترە لەم قۆناغە تا ڕوون دەبێتەوە داخۆ حکومەتی ئەسەد دەڕووخێت یان نا.

چوارەم، تا ڕووخانی ئەسەد، من بەباشی نازانم ئیعلانی دەوڵەتی کوردستانی بکرێت لە ڕۆژاڤا، ئەگەر ئەسەد ڕووخا، واچاکە ئیعلانی دەوڵەتی سووریای نوێ بکرێت بەڵام جوگرافیای ڕۆژاڤا زۆر زیاد نەکرێت کە کۆنتڕۆڵ نەکرێت، تەنیا ھەوڵبدرێت کە سێگۆشەی ‘دێرەزوور- ئەبوکەمال-ئەلتەنەف’ کۆنتڕۆڵ بکرێت، واتە عێراق لە سووریا داببڕێت، تا ئەو کاتەی پشتیوانی ئەمریکا و ئیسرائیل و ئەوروپا مسۆگەر دەکات و خۆی وەک جێگرەوەی دەوڵەتی سووریا بناسێنێت چونکە کەس دان بەو دەوڵەت نانێت کە تیرۆریستەکان دای دەمەزرێنن.

کە پشتیوانی مسۆگەر کرا، ئینجا دەکرێت ئیعلانی شەڕ بە دژی ئەو ناوچانە بکرێت کە لە ژێر دەسەڵاتی تیرۆریست و چەتەکانی تورکیادایە.

 

پەیوەنیدر