سلێمانی؛ رێكخراوێكی ژنان بڵندگۆی بانگەشەی یەكسانی جێندەری لە ‏بەرامبەر مزگەوتی گەورە دانا

یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان ڕایدەگەیەنێت ، ئەو بڵندگۆیانەی ‏رێكخراوێكی ژنان بەرامبەر مزگەوتی گەورەی سلێمانی داینابوون و بانگەشەیان بۆ “یەكسانی جێندەری” دەكرد لابراون، دەشڵێت،”رێگە نادەن ئەوانەی باسی جێندەر و هاوڕەگەزبازی دەكەن بەرنامەكانیان جێبەجێ بكەن”.

یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان لقی سلێمانی ئەمڕۆ لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، كە رێگە نادەن ئەوانەی باسی جێندەر و هاوڕەگەزبازی دەكەن بەرنامەكانیان جێبەجێ بكەن، لەسەر ئەو بنەمایەش پەیوەندیان بە نووسینگەی تایبەتی جێگری سەرۆكی حكومەت و پارێزگاری سلێمانییەوە كردووە و بە سوپاسێكی زۆرەوە هەردوولایان خەمخۆرانە پاڵپشتی خۆیان بۆداواكەمان دەربڕی.

ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەو بەرپرسانە سەرجەم دەزگا ئەمنییەكانی شاری سلێمانیان راسپارد كە هاوكار و پشتیوانیانبن لە پووچەڵكردنەوەی ئەو پیلانە ژەهراوییەی جێندەرێزم و هاوڕەگەزخوازەكان دەیانویست لە رێگای بڵنگۆوە لە ناوجەرگەی شار و بەرامبەر (مزگەوتی گەورەی شاری سلێمانی) سمبولی ئایینی و جوانی ئە م شارە لە سەر بازاڕەكانی كاسۆمۆڵ و ئاوباریك بانگەشەی بۆبكەن.

ئەمە لەكاتێكدایە، دوێنێ لە پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی راپەڕین ‏رێكخراوێكی ژنان ژمارەیەك بڵندگۆی لەسەر باڵەخانە و شوێنە گشتییەكانی شارەكان دانا و دواتریش لەژێر فشاری هاووڵاتیاندا لابران، لە بڵندگۆكەوە كە بە دەنگی ژنێك دەگوترا ‏ئەم چەند راستەیە بوو، “شاخدارە گەورەكە و هاوڕێ نزیكەكەی شەیتان ‏هەر من بووم، ئیماندار و پیاوە نزیك لە خوداكەش هەر ئێوە بوون، من ئەو ‏توێژەم كە بیرتان لێنەدەكردەوە، شەرمەزار نابن، ئێوەی جەللاد، ئێوەی ‏دەستی باڵا، ئێوەی كێن؟ من دەنگی نەبیستراوی مێینەم”.

پەیوەنیدر