خوێندنى باڵا پۆستى دوو سەرۆکى زانکۆ ڕادەگەیەنێت

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پۆستى سەرۆکى زانکۆى گەرمیان و هەڵەبجەی ڕاگەیاند.

ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە چوارچێوەى ڕێنماییەکاندا، هەردوو پۆستى سەرۆکى زانکۆى گەرمیان و سەرۆکى زانکۆى هەڵەبجەی بۆ جارى یەکەم ڕاگەیاند.

وەزارەتەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە هەر کەسێک ئارەزووى هەیە و مەرجەکانى تێدایە، دەتوانێت لە ماوەى دیاریکراودا داواکاری  (C.V)ـەکەى پێشکەش بکات، تا ناوى لە لیستى خوازیاراندا تۆمار بکرێت.

مەرج و تێبینییەکان:

– هەڵگرى بڕوانامەى دکتۆرا بێت.

– نازناوى زانستى لە پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر کەمتر نەبێت.

– خزمەتى لە 10 ساڵ کەمتر نەبێت.

– ئەو كه‌سه‌ى داواکاری پێشکەش دەکات باشترە دید و بۆچوون و بەرنامەى کاری خۆى بۆ بەرەوپێشبردنى زانکۆ بۆ ئەو چوار ساڵەى که‌ له‌ پۆسته‌كه‌دايه‌، پێشکەش بکات.

– زانینی زمانى ئینگلیزى و شارەزایی لە بەکارهێنانى تەکنەلۆژیاى بوارى خوێندن و فێرکردن و کارایيی بڵاوکردنەوەى توێژینەوەى زانستى، هەلى زیاتر بۆ پێشکەشکار دەڕەخسێنێت.

– لیستى ناو و ناونیشانى توێژینەوە زانستیيە بڵاوکراوەکان.

– پێویستە پوختەى ڕاژەى لەلایەن بەرپرسى یەکەمى فەرمانگەکەیەوە واژۆ کرابێت.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، دوا کات بۆ پێشکەشکردنى (C.V) و پوختەى ڕاژە کۆتایی دەوامى ڕۆژى پێنجشەممە، رێککەوتى 29/2/2024 دەبێت.

هەر كه‌سێك ئارەزووى هەیە و مەرجەکانى سەرەوە ده‌يگرێته‌وه‌، دەتوانێت (C.V)ـەکەى و پوختەى ڕاژەى ڕاستەوخۆ لەم بەستەرەى خوارەوە پڕ بکاتەوە و بينێرێت.

بۆ ناردنى ورده‌كارى و پوخته‌ى ڕاژه‌، کلیک له‌م به‌سته‌ره‌ بكه.

 

پەیوەنیدر