قەهوەچی: 99٪ تورکمانەکان لە هەولێرن و فرە بازنەیی ڕەتدەکەینەوە

تورکمانەکان دابەشکردنی کورسی پێکهاتەکان بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا ڕەتدەکەنەوە و جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمانیش دەڵێت، 99٪ تورکمانەکان لە هەولێرن.

مونا قە‌وەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان ڕەتیکردەوە کە بە دابەشکردنی کورسی کۆتاکان بەسەر سێ بازنەی هەڵبژاردندا قایل بن و لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمریکا ڕایگەیاند، پێکهاتەکان بەتەواوەتی ئەم دابەشکردنە ڕەتدەکەنەوە، ئەمەش بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە بۆ نموونە لە 99%ی پێکهاتەی تورکمان لە هەولێر نیشتەجێن.

وتیشی،”ئەو دابەشکردنە ئەجندایەکی سیاسی لەپشتەوەیە، ئەویش بۆ بەدەستهێنانی کورسی کۆتاکانە و بۆ ڕازیکردنی حزبەکەی (یەکێتی) خۆیانە، دەیانەوێت لەڕێگای پێکهاتەکانەوە ئەو دەست کەوتە بەدەست بهێنن، بۆیە ئێمە بەهەموو شێوەیەک فرە بازنەی ڕەتدەکەینەوە و چاوەڕوانی ئەوەین ئەم پرسە کۆتای خۆیی وەربگرێت.”

ئەمە لەکاتێکدایە کە چاوەڕوان دەکرێت لە کۆتایی ئەم مانگەدا، دادگای فیدراڵی سکاڵایەکی یەکێتی لەسەر کورسی کۆتاکان یەکلابکاتەوە و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش پێشنیازی داوەتە دادگای فیدراڵی کە کورسی کۆتاکان دابەش بکات بەسەر پارێزگاکاندا بە جۆرێک چواریان بۆ هەولێر، چوار بۆ سلێمانی و سێیەکەی دیکەیان بۆ پارێزگای دهۆک بن.

پەیوەنیدر