ڕێباز حەملان: ئیرادەی بەھێزی پارتی بە شا و سەدام نەشكا

ڕاوێژكاری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، بارزانی رەمزی كورد و سەرۆك و مەرجەعی “ئەمڕۆ، سبەینێ و دوارۆژ”ی گەلی كوردە و دەشڵێت: ” ئیرادەی بەھێزی پارتی بە شا و سەدام نەشكا، بەوانەی لەناو تۆزی سیاسەتدا یاری دەكەن نا لەرزێ”.

ڕێباز حەملان، ڕاوێژكاری مەسرور بارزانی بەبۆنی ساڵیادی دامەزراندنی پارتی و لەدایكبوونی مەسعود بارزانییەوە پەیامێكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند،” پارتی بووە حیزبی دایك و قوتابخانەی كوردایەتی بۆ زۆر حیزب و سەركردەكانی كورد، كە پارتیشیان جێ ھێشت، پارتی وەك ھاوبەشی سیاسی سەیری كردن و لە پێناو كوردستان بەردەوامە لە كاركردنی پێكەوەیی”.

ڕاشیگەیاندووە، “پارتی و بارزانی دوانەیەكی لێك دانەبراون لەگەڵ ھەڵكشانی تەمەنی گەنجتر و گەشاوەتر دەبێتەوە، حیزبێك، كە لە ھەموو قۆناغ و سەردەمێكدا ڕاستەڕێی كوردایەتی گرتووە و ھەرگیز لێی لانەدا و لێی لا نادات”.

دەشڵێت: “بە ھەموو ئەو پلانە ناوچەیی و ناوخۆییانەی لێی كرا و لێی دەكرێت بەردەوامە و ئەم ئابڵوقە دارایی و سیاسی و یاساییەی ئێستا لە دژی كورد و پارتی بە كاردێت بە ئیرادەی گەلی كوردستان و جەماوەری پارتی و ڕابەرایەتی سەرۆك مەسعود بارزانی تێك دەشكێنرێت”.

ڕێباز حەملان ئاماژەی بەوەشكردووە، “تەمەن درێژی و وەفا بۆ خەبات و پێشمەرگایەتی سەرۆك مەسعود بارزانی”، دەشڵێت: بارزانی رەمزی كورد و سەرۆك و مەرجەعی “ئەمڕۆ، سبەینێ و دوارۆژ”ی گەلی كوردە، تیری ژەنگاوی دوژمن كاری تێناكات”.

جەختیشی كردۆتەوە، دەبێت نەیاران باش بزانن ئیرادەی بەھێزی پارتی بە شا و سەدام و دیكتاتۆرەكانی ناوچەكە نەشكا، بەوانەی لەناو تۆزی سیاسەتدا یاری دەكەن نا لەرزێ .

پەیوەنیدر