هەواڵی مووچەی هەرێم چووە میدیا عێراقیەكانیشەوە

فەرمانبەران و خانەنشینان و سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم مووچەی دوو مانگیان وەرنەگرتووە و سەرەڕای لێدوانی بەرپرسانی حكومەتی هەرێم بۆ دەستی بە دەستی پێكردنی دابەشكردنی مووچە و هەواڵی بەپەلەی سایت و سۆشیال میدیاكان، هەواڵی بەپەلەی مووچەی هەرێم چووە میدیا عێراقیەكانیشەوە.

لەدوای ڕاگەیاندنی ئابووری سەربەخۆ لە هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2014ەوە و بڕیاری سەربەخۆ فرۆشتنی نەوت، هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2015ەوە تووشی قەیرانی دارایی و دواكەوتن و نەدانی مووچە بووەوە و مووچەی چەندین مانگ بە پاشەكەوت و لێبڕین درا و مووچەی چەندین مانگیش هەر نەدرا ئەمە جگە لە ڕاگرتنی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی مەدەنی.

بەهۆی دواكەوتن و نەدان و پاشەكەوت و لێبڕینی مووچەوە، ئیتر بابەتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و دواتریش ناردنی جاروباری پارە لە بەغداوە بوون بە هەواڵی بەپەلەی میدیاكان و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لە هەرێمی كوردستان و تا ئێستاش بەردەوامە.

ئەوەی جێگەی سەرنجە، چەند ڕۆژێكە هەواڵی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بووە بە بابەتی هەواڵی بەپەلەی میدیا عێراقییەكان و ئەوانیش هەر یەكەی بەجۆرێك باس لە كاتی دابەشكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەكەن، كە ئێستا مووچەی مانگی 6 و 7یان وەرنەگرتووە.

ئه‌مڕۆ دوو شه‌ممه‌ 31ی‌ ته‌مموزی‌ 2023 ئاژانسی‌ (بغداد الیوم) له‌ زاری‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی هه‌رێم بڵاویكرده‌وه،‌ كه‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌ لیستی‌ مووچه‌ی‌ مانگی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌كانی‌ ته‌واو كردووه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێت: “ڕۆژی‌ چوار شەممە و پێنج شه‌ممه ده‌ست به‌ دابه‌شكردنی‌ مووچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران ده‌كرێت”.

هەرچەندە تا ئێستا كه‌س نازانێت كەی مووچه‌‌ دابه‌شده‌كرێت، حكومەتی هەرێمیش خۆی لە بەرپرسیارێتی دابەشكردنی مووچە لادەدات سەرەڕای بوونی داهاتێكی زۆری ناوخۆ و چەندین جاریش لەسەر زاری وتەبێژی حكومەت و وەزیری داراییەوە ئەوە دووپات كراوەتەوە، كە “دابەشكردنی مووچە لە ئەستۆی حكومەتی عێراقە بەو پێیەی نەوت ڕادەستی عێراق كراوە و ناتوانین بە داهاتی ناوخۆ مووچە بدەین”.

لەدوای بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس لە مانگی ئازاری ڕابردوودا و ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم، لە مانگی نیسان هەردوو سەرۆك وەزیرانی عێراق و هەرێم ڕێككەوتن بۆ ڕادەستكردنی نەوت بە كۆمپانیای سۆمۆ و فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی عێراقەوە و بەوەش محەمەد شیاع سودانی وتی، “بەرپرسیارێتی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم هەڵدەگرین”.

لە ماوەی مانگی ڕابردووەوە چەندین شاندی هەرێم چوونەتە بەغدا و دواین جار هەفتەی ڕابردوو شاندی هەرێم و عێراق كۆنووسی ڕێككەوتنیان واژۆ كرد بۆ جێبەجێ‌ كردنی بودجە، بەڵام تا ئێستتا فەرمانبەرانی هەرێم لە چاوەڕوانی پارەكەی بەغدا ماونەتەوە و حكومەتی هەرێمیش ئامادە نییە لە داهاتی ناوخۆ مووچە بدات و دەڵێت: “بەپێی یاسای بودجە دەبێت نیوەی بدرێت بە عێراق”.

 

پەیوەنیدر