سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی كەمتەرخەمی و شرۆڤەی جیاوازەوە داواكاری زۆر هەبوون بۆ ڕێكخستنی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و دەشڵێت: سیستمی فیدڕاڵی، کە لە دەستوور چەسپاوە ئەو مافە بە کورد دەدات بۆ بەڕێوەبردنی كاروباری ئیداری و سیاسی.
مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق لەمیانی بەشداریکردنی لە دیدارێکی تەلەفزیۆنی (ئای نیوز) ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان لە زۆر سێکتەردا سەرکەوتوو بووە، لەوانەش پەروەردە و ژێرخان و فەراهەمکردنی ئامرازەکانی خۆشگوزەرانی، کەچی پارێزگاکانمان لە پاشەکشەدان.
وتیشی، “سیستمی فیدڕاڵی کە لە دەستوور چەسپاوە ئەو مافە بە کورد دەدات، کە خۆیان بەشێک لە کاروبارە ئیداری و سیاسییەکان بەڕێوە ببەن، بەداخەوە جۆرێک لە بەکەم سەیرکردن و تێڕوانینی شۆڤێنی لەلای بەشێک لە بەرپرسانی عێراق بەرامبەر بە کورد هەیە”.
جەختیشی كردەوە، پێویستە ئەو جۆرە بیركردنەوەیە نەهێڵدرێت و دان بنرێت بەوەی ئەوانیش هاووڵاتی عێراقین و دەبێت ڕێزگرتن لەسەر بنەمای هاووڵاتی بوون بێت و بەشێك لە مافەكانی خۆیان پێ بدرێت.