ماڵئاوا لە چەکەکان: ئۆجەلان لە نامەکەیدا چی گوت

سەردار عەزیز – مامۆستای زانکۆ

ئێرنسی هەمەنگوای لە جەنگی جیهانی دووەمدا ڕۆمانێکی بە ناوی ‘ماڵئاوا لە چەکەکان’ نوسی، بە جۆرێک هەتا ئەزموونی جەنگ بگوێزێتەوە بۆ خوێنەر وەک خۆی.

دەڵێن هەمەنگوای دوا لاپەڕەی ڕۆمانەکەی ٤٧جار نوسیوەتەوە.

دەکرێت نامەکەی ئۆجەلان وەک دوا نامەی جەنگ، لە هەمان ڕوانگەوە ببینرێت کە لایەنی زۆر و دیدی زۆر کاریگەربوون لە داڕشتنیدا و ئەگەری زۆرە کە چەندین جار نوسرابێتەوە، لە ڕاستیدا دواکەوتنی ڕاگەیاندنی لە پانزەی مانگدا ڕەنگە هۆکارەکەی ئەوەبێت، کە پێویستی بە نوسینەوە هەبێت.

لەم بەشەی نوسینەکەمدا باس لە میتا نامەکە دەکەم، بەو مانایە باس لەو دۆخە دەکەم کە نامەکەی تیادا هاتە ئاراوە نەک ناوەڕۆکی نامەکە خۆی، کە ناوەڕۆکێکی ئاڵۆز و پڕ لە تەلیسمە.

ڕێگەیەک و ڕێچکەیەک هەن کە لە پشت نامەکەوە، ڕێگەکە لە کۆتایی نەوەدەکان دەستپێدەکات کاتێک لە نایرۆبی ئۆجەلان دەستگیر دەکرێت و بە بەندکراوی دەهێنرێت بۆ تورکیا، لەو ساتەوە حکومەتی تورکی کەوتە بەردەم ئەو واقیعەی کە چۆن مامەڵە بکات لەگەڵ گرنگترین و کاریگەرترین کەسایەتی ناو هێزێک کە گەورەترین ئالانگاری دەوڵەتی تورکی بووە لە مێژوویدا؟

یەکێک لەو ڕێگایانەی مامەڵەکردن ئەوەیە، کە چۆن لە ڕێگای ئۆجەلانەوە بتوانرێت ئاڕاستەی پەکەکە بگۆڕدرێت، پەکەکە پێش دەستگیرکردن مەترسی بوو لەسەر بوونی تورکیا وەک دەوڵەت، بەڵام ووردە ووردە لە ڕێگای گۆڕینی ئایدۆلۆژیاوە، ئەو مەترسییە کۆتایی پێهێنرا.

هەبونی توانای ئۆجەلان بۆ گۆڕینی بەهای کرۆکی core value ی پەکەکە کاریگەریی گەورەی هەبوو لەسەر ئاڕاستەی ئەو هێزە، ئەوەی لای تورک بەڵگەنەویست بوو ئەوەبوو، کە بزووتنەوەی کوردی لە ناوناچێت، بۆیە دەبێت ئاڕاستەی بگۆڕێت، ئەمە بۆ هەردوولا بە سوود بوو.

مانەوەی ئۆجەلان وەک سەنتەری پەکەکە هاوکاری ئەوەبوو کە پارتەکە توشی ترازان نەبێت، بۆ تورکیش لەوەدا بە سودبوو کە پەکەکە بوو بە هێزێکی ناوخۆیی تورکی.

ئەم پاشخانە درێژەیە کە ئەمڕۆ ئۆجەلان دەتوانێت داوای دانانی چەک بکات، کەواتە ڕێگایەکی درێژ هەیە لە خواست بۆ دەوڵەتەوە، پاشان بۆ دیموکراسی ڕادیکاڵ، پاشان بۆ ناکۆماریی بوونی کۆمار، پاشان بۆ ئەنارکیزم، پاشان بۆ کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراسی، لە دوا ئەنجامدا بۆ دیموکراسیی.

جێگای باسە چەمکی دیموکراسی زۆرترین ئاماژەی پێدراوە لە نامەکەدا.

ئێستا با بینە سەر ڕێچکەکە

ماوەیەکە بە دوو شێواز دونیا دەگۆڕێت، شێوازێکیان کە هێواشە، شێوازێکی تریان بریتیە لە ئەو ڕووداوە سیاسیانە، کە تەکانی گەورە بە چەرخی گۆڕانکارییەکە دەدەن، دووەمیان لە ژینگەی فەلسەفیدا بە ڕووداوێتی ناسراوە.

بۆ نمونە حەوتی ئۆکتۆبەر یەکێکە لەو ڕووداوە سیاسیانە کە تەکانی گەورەی بە گۆڕانکاری ناوچەکە دا، دونیای پاش ٧ی ئۆکتۆبەر تورکیای خستوەتە بەردەم ئەگەری گەورەبون و هەروەها مەترسی بچووکبوونەوە. چونکە زۆر بە سادەیی کاتێک هەوڵدەدەی کە گەورە یان فراوان بیت و شکست دەهێنیت ئەوا ئەگەری زۆر بچوک بیتەوە.

نەمانی ئێران وەک هێزێکی ئیقلیمی و لاوازبوونی ئەمریکا لە ناوچەکە لای تورکەکان وەک دەرفەت دەبینرێت بۆ بوونیان بە هێزێکی ئیقلیمی.

مامەڵە لە گەڵ کورددا لە هەناو ئەم دیدەوەیە، کورد دەتوانرێت ببێت بە هاوکاری فراوانبونی تورکیا، لە هەمانکاتدا دەتوانێت ببێت بە مەترسی ئەو پڕۆژەیە.

ئەم ڕێچکەیە لە پشت دەستپێکردنی ئەم پڕۆسەی ئێستایە، دیارە لە هەمانکاتدا پرسەکانی مانەوەی ئەردۆگان بە سەرۆک و گۆڕینی دەستور و لاوازکردنی ئۆپۆزسیون لە تورکیا، بۆ نمونە نامەکە تەنها ئاماژە بە دوو کەس دەدات لە ناو کایەی سیاسی تورکیدا، کە ڕونە بە کورد دەڵێت دەبێت لەگەڵ ئەم دوو کەسەدا بن.

پاشتر دێینە سەر هەڵوەشانەوەی کۆدە زۆرەکانی ناو نامەکە.

ئێوارەی ڕۆژی پێنچشەممە، لە ئوتێلworld elite لە شەقامی تەقسیم لە ناوەڕاستی ئیستەنبول، ڕووداوێکی ناوازە ڕوویدا.

لە هۆڵێکی ئوتێلەکەدا وێنەیەک پێشاندرا کە پێشتر لە بەندیخانەی ئیمڕالی گیرابوو، کەسی ئۆجەلان لەناوەندی وێنەکەدایە کە وەها دیارە کە لاپەڕەیەک دەخوێنێتەوە، ئەم دیمەنە ئاڵۆزییەکی دروستکرد، کە بۆچی ئۆجەلان نامەکەی نەخوێندەوە؟

سێ لێکدانەوە هەیە؛

یەکەم، وەزارەتی ناوخۆی تورکی قبوڵی نەکرد

دووەم، پەکەکە قبوڵی نەبوو

سێیەم، ئەگەری زۆرە بەو هۆکارە بوبێت کە دۆخی پیریی و ئەگەری لاوازی ئۆجەلان زاڵبێت بە سەر ناوەڕۆکی نامەکەدا.

نامەکە بە چەندین فلتەردا ڕۆشت، لەوانە فلتەری دەوڵەتی تورک و میت و حیزب و دەوڵەتی قوڵ، پاشان نامەکە پێشانی قەندیل دراوە و ئەوانیش ڕایان هەبووە، هەروەها لە باشوریش فلتەر کراوە، بە ئەگەری زۆرەوە ڕۆژئاڤاش ڕایان هەبووە.

ئەم پاشخانە پێمان دەڵێت کە نەک هەموو ڕستەیەک، بەڵکو هەموو وشەیەک لە نامەکەدا، سازشی لە سەر کراوە و لە ئەنجامدا نامەکە دید و ڕوانگەی زۆر لایەن لە خۆی دەگرێت، چونکە ئامانجی نامەکە ئەوەبوو کە کورد و پەکەکە و تورک و هێزە ئیقلیمیەکان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش پێی ڕازی بن.

ئەم پاشخانە ناچارمان دەکات کە دەبێت یەک بە یەک وشەکانی ناو نامەکە وەک کۆد مامەڵە بکەین، خوێندوەی ئەم کۆدانە تەنها ئەو کاتە دەبێت کە بزانرێت لایەنەکان کێن و دید و خواستەکانیان چیە و لەم پڕۆسەیە چییان دەوێت.

 

هەوڵ دەدەم لە نوسینی داهاتودا کۆدەکان بخوێنمەوە، بارش بارش

 

پەیوەنیدر