ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە پەکی کەوتووە

57 رۆژە ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە بەهۆی ناكۆكی و ناتەبایی لایەنە سیاسییەكانی دیالە نەیتوانیوە هیچ کۆبوونەوەیەکی ئەنجامبدات و ئەندامێکی ئەنجوومەنەکەش دەڵێت” وەكو ئەندامانی ئەنجوومەن تەباین بەڵام ناکۆکی سیاسی لەسەر پۆستەکان هەیە”.

حكومەتی خۆجێی دیالە لە یەكی ئابی 2024 پێكهێنرا، ئەوەش دوای نۆ مانگ لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان كە لە 18ـی کانوونی یەكەمی 2023 بەڕێوەچوو، بەهۆی ناكۆكی توندی نەتەوەیی، ئایینی و مەزهەبییەوە پێکهێنانی ئەنجوومەنەکە نزیکەی ساڵێکی خایاند.

لەئێستادا ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە 57 رۆژە هیچ كۆبونەوەیەكی ئەنجام نەداوە، ئەمەش بەهۆی ناكۆكی و ناتەبایی نێوان ئەندامانی ئەنجوومەن و لایەنە سیاسییەكانی دیالە، كە بەپێی وتەی چاودێران كاریگەری نەرێنی لەسەر ناوبانگی ئەنجوومەنەكە هەیە.

ئەوس ئیبراهیم، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە بە میدیای ناوخۆیی وتووە، “هۆکاری ئەنجامنەدانی کۆبونەوەکان بەهۆی ململانێی و ناکۆکی  سیاسی نێو لایەنەکانی نێو ئەنجوومەنەکەیە، بەهۆیەوە ژمارەی پێویستی ئەندامان ئامادەنابن، ئەم حاڵەتە بابەتێکی ئاساییە بەهۆی ململانێی لەسەر هەندێك پۆست، “بەڵام وەكو ئەندامانی ئەنجوومەن تەباین”.

ئیەو ئەندامە دەشڵێت”رۆژانە كاری چاودێریی خۆمان دەكەین و هەموو 15 رۆژ جارێك راپۆرتی خۆمان ئاراستەی جێگری سەرۆكی ئەنجوومەن دەكەین كە سەرۆكایەتی لیژنەكان دەكات”.

بەڵام لەگەڵئەوەشدا پێیوایە ئەنجامنەدانی کۆبونەوەکان کاریگەریی هەبووە بەسەر یاسادانان و پەکخستنی ئەو پڕۆژانەی کە پێویستیان بە دەنگ و بڕیاری ئەنجوومەن هەیە.

دوایین کۆبونەوەی ئەنجوومەن لە 31ـی کانوونی یەكەمی ساڵی ڕابردوو ئەنجامدرا، لەوكاتەوە لە هیچ دانیشتنێكدا نەتوانراوە نیسابی یاسایی تەواوبێت، كە پێویستی بە ئامادەبونی هەشت ئەندام هەیە لەكۆی 15 ئەندامی ئەنجوومەن.

پەیوەنیدر