دەزگای ئاسایشی هەرێم لە بارەی ئاڵۆزییەکانی شەوی رابردووی سەر ڕێگەی عەربەت سلێمانی ڕوونکردنەوە دەدات و دەڵێت، لە ئێستادا هیچ کەسێک دەستگیر نەکراوە و هیچ بریندارێکیش لە نەخۆشخانە نەماوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، دوای ئەوەی شەوی رابردوو لە نزیک شارۆچکەی عەربەت، بەهۆکاری ڕێگریکردن لە تێپەڕبوونی ژمارەیەک بارهەڵگر لەلایەن مامۆستایان و هاووڵاتيیان، سەرئەنجام بووە هۆی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی لەنێوانیاندا و چەند شۆفێرێک و هاووڵاتییەک بریندار بوون.
دەشڵێت: دەزگای ئاسایشی هەرێم وەک لایەنی جێبەجێکاری یاسا دەستبەجێ بەمەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی ئەو بارودۆخە نەخوازراوە و ڕێگریکردن لە تەشەنەکردنی ئاڵۆزییەکان و سەلامەتی گیانی هەموو لایەک گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و ڕێکاری یاسایی گرتەبەر بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخەکە.
باسی لەوەشکردووە: له ئێستادا هيچ كەس دەستگيرنەكراوه و هاووڵاتییە بريندارەكانیش لە نەخوشخانه نەماون.
لەلایەکی دیکەوە، ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی ڕایگەیاند، چوار مامۆستایان بە هۆی گرژییەکانی شەوی ڕابردوو دەستگیرکراون، هاوکات دەزگاکانی شارپرێس، سپێدە و پەیام ڕایانگەیاند، کە شەوی ڕابردوو وێڕای ئەوەی هێزە ئەمنیەکان کەرەسە ڕۆژنامەوانییەکانیان لە پەیامنێرەکانیان سەندوون ئازاریشیان داون و دەستگیریان کردوون.