دوای تێپەڕبوونی پێنج مانگ بەسەر کوژرانیدا، ئەمڕۆ تەرمی هەردوو ئەمینداری پێشووی حزبوڵای لوبنانی بەخاک دەسپێردرێن کە بەدوای یەکدا کوژران.
بڕیارە کاتژمێر 2:00ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، تەرمی حەسەن نەسروڵا، ئەمیدانی پێشووی حزبوڵای لوبنانی و هاشم سەفیەدینی جێگری لە بەیروتی پایتەیختی لوبنان بەخاک بسپێردرێن.
سەرەتای ڕێوڕەسمەکە لە یاریگای کەمیل شەمعون دەستپێدەکات کە تێیدا نەعیم قاسم، ئەمینداری نوێی حزبەکە وتەیەک پێشکەش دەکات و دوای چەند چالاکییەک تەرمەکان لە نێو تابوتدا بەرەوە شوێنی بەخاکسپاردنیان بەڕێ دەکرێن.
ڕۆژی 27ی ئەیلوولی 2024، حەسەن نەسروڵا لە ئاکامی بۆردومانێکی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان کوژرا و هاشم سەفیەین وەک ئەمینداری گشتی دەستبەکاربوو، بەڵام پێش ئەوەی بە فەرمی ڕابگەیەندرێت، ئەویش لە بۆردومانێکی ئیسرائیلدا کوژرا.
بە پێی میدیای لوبنان، هاشم سەفیەدین بە ناونیشانی ئەمینداری پێشووی حزبوڵا بەخاک دەسپێردرێت.
پێشبینی دەکرێت سەدان هەزار ئەندام و لایەنگری حزبوڵا بەشداری لە ڕێوڕەسمەکەدا بکەن.