سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، مووچەی ساڵی 2025 هیچ كێشەیەكی بۆ دروست نابێت و دەشڵێت: لیژنەیەك بۆ مووچەی مانگی 12ی هەرێم پێكهێنراوە و دواتر بڕیاری لەبارەوە دەدرێت.
ئەمڕۆ سێ شەممە ٢٠٢٥/٢/١٨ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق كۆبوونەوەیەكی تایبەتی بە میوانداری پارێزگار و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەری بەشەکانی بانکی ناوەندی عێراق، بەڕێوەبەری گشتی بانکی ڕافیدەین، بەڕێوەبەری گشتی بانکی بازرگانی عێراقی ( TBI) كرا بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی چەند پرسێکی گرنگی پەیوەست بە سیاسەتی نەختینە، نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار، کێشەی سزادانی ژمارەیەک لە بانکە خۆماڵییەکان، ئاستی هەماهەنگی نێوان وەزارەتی دارایی و دەسەڵاتی نەختینە، ئاستی خزمەتگوزاری ئەلەکترۆنی بانکەکان، ڕێکارەکانی بانکی ناوەندی بۆ چاودێری پڕۆسەی حەواڵەی دەرەکی و ڕێگریکردن لە مامەڵە نایاساییەکان و سپیکردنەوەی پارە.
عەتوان عەتوانی، سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بۆ میدیاكان ڕایگەیاند، قسەکردن لەسەر سەختی دۆخی دارایی بە مانای نەتوانینی دەستەبەرکردنی مووچە نایەت، بەڵکو پەیوەندی بە جێبەجێکردنی پابەندی حکومەتەوە هەیە بە گرێبەستییەکانی بۆ دابینکردنی تەرخانکراوی دارایی بۆ پڕۆژەی نوێكان و بەردەوامەكان و دابینکردنی دارایی پارێزگاكان.
ڕاشیگەیاند، مووچەی ساڵی 2025 کێشەی بۆ دروست نابێت و دەشڵێت: دامەزراوە دارایی و بانکییەکانی عێراق سزایان لەسەر نییە.
ئاماژەی بەوەشكرد، بۆ مووچەی مانگی 12ی مووچەخۆرانی هەرێم لیژنەیەك پێكهێنراوە و گفتوگۆ و بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە دەكات و دواتر ڕاپۆرتێك دەخرێتەڕوو، دواتر بڕیاری لەبارەوە دەدرێت.
وتيشى، بۆ مووچەى مانگى 12ـى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان داواى داتامان لە دیوانى چاودێریى دارایى عێراق و بانکى ناوەندیى عێراق کردووە بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو بابەتە و شێوازی خەرجکردنی پارە بۆ هەرێم.