لە عێراق بەهۆی نەخۆشییەكەوە سەدان “مانگا” مردار بوونەتەوە

وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق ئاشكرای دەكات، ٦٥٤ مانگا و گامێش بەهۆی نەخۆشییەکانی (پێ و دەم)ەوە مردار بوونەتەوە.

وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكانی (پێ‌ و دەم) لەناو مانگا و گامێش، زیاتر لە 654 سەر ئاژەڵ مرداربوونەتەوە.

لای خۆشیەوە، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڵاویكردەوە، محەمەد شیاع سودانی، فەرمانی پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی کرد سەبارەت بە دەنگۆی توشبوونی گامێش و مانگا بە نەخۆشی، بە ئەندامێتیی ژمارەیەک لە پسپۆڕی بواری پزیشکیی ڤێتێرنەری و سامانی ئاژەڵ.

ئاماژە بەوەشکراوە، لیژنەکە دەستی بە بەدواداچوون کردووە سەبارەت بە مرداربوونەوەی ئاژەڵان و دیاریکردنی هۆکارەکانی لە رێگەی سەردانی مەیدانی و کشاندنەوەی نمونەی نەخۆشیییەکەوە، بە هاوکاریی شارەزایانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، هەروەها بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ و رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (فاو)، بەمەبەستی پشکنینی نمونەکان لە تاقیگە نێودەوڵەتییەکان.

لیژنەکە دڵنیایی دەداتە هاووڵاتیانی، كە “ئەم نەخۆشییە کە تووشی ئاژەڵ دەبێت لە ڕێگەی خواردنی بەرهەمە ئاژەڵییەکانی وەک گۆشت و شیر و وەرگیراوەکانیەوە بۆ مرۆڤ ناگوازرێتەوە و مەترسی لەسەر تەندروستی بەکاربەر دروست ناکات”.

 

پەیوەنیدر