بهیانیی ئەمڕۆ شەممە، لە دووهم رۆژی دیدار و کۆبوونهوهکانیدا له کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا کۆبووەوە.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت: “لە کۆبوونەوەکەدا پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی سووریا و عێراق و چۆنیەتیی بەهێزکردنی سەقامگیریی هەرێمایەتییان تاوتوێ کرد، هەروەها باسیان لە دۆخی پێکهاتەکانی سووریا و گرنگیی پاراستنی مافەکانیان و دەستەبەرکردنی بەشدارییان لە داهاتووی وڵاتدا کرد”.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، “نێچیرڤان بارزانی جەختی لەسەر پاراستنی مافهکانی گهلی کورد و تهواوی پێکهاتهکان له سووریا و گرنگیی بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری کردەوە، هەروەها ئاماژەی بە پێویستیی چارەسەرکردنی کێشەکان به دیالۆگ و لێکگەیشتن و کارکردن بۆ داهاتوویەکی سەقامگیر بۆ هەموو پێکهاتەکانی سووریا کرد”.
لاى خۆیەوە، ئەسعەد شەیبانی، پابەندیی سووریای بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری و رەخساندنی بارودۆخی گونجاو بۆ دیالۆگی نیشتمانی دووپات کردەوە، هەروەها جەختی لەسەر خواستی سووریا بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و پتەوکردنی هاوکاریی هاوبەش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە هەنووکەییەکان کردەوە.
دۆخی هەرێمایەتی و ئاڵنگارييه هاوبەشەکان، لەگەڵ چۆنیەتیی هاوکاریی داهاتوو بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەکەدا، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.