سێ دیلی ئیسرائیلی، ڕادەستی خاچی سووری نێودەوڵەتی کران

لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان ئیسرائیل و حەماس، لە شەشەمین خوولدا سێ دیلی ئیسرائیلی لە کەرتی غەززە ڕادەستی خاچی سووری نێودەوڵەتی کران.

لە شەشە خوولی ڕێککەوتنی نێوان ئیسرائیل و حەماس، لە نزیک ئەو ماڵەی کە سەرکردەی حەماس یەحیا سینوار تیایدا کوژرا، سێ دیلی ئیسرائیلی بە ناوەکانی ئەلیکساندەر شاسا، ساگوی دەکەل و هەروەها یایر هۆرن لە شارۆچکەی خان یونس ڕادەستی خاچی سووری نێودەوڵەتی کران.

ئەلیکساندەر شاسا بەڕەگەز ئیسرائیلی-ڕووسییە و  ساگوی دەکەل بە ڕەگەز ئیسرائیلی-ئەمریکاییە.

تائێستا ژمارەی ئەو دیلە ئیسرائیلیانەی کە لە کەرتی غەززە ئازاد کراون گەیشتە ١٩ کەس، لەبەرامبەردا بڕیارە ٣٦٩ فەڵەستینیش لە بەندیخانەکانی ئیسرائیل ئازاد بکرێن کە ٣٦ کەسیان سزای زیندانی هەتاهەتایییان بەسەردا سەپێنراوە، ٣٣٣ کەسیشیان ئەو کەسانەن کە لە دوای ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ لە کەرتی غەززە دەستبەسەر کراون.

ڕێککەوتنی نێوان ئیسرائیل و حەماس ڕۆژی ١٩ی کانوونی دووەم چووە بواری جێبەجێکردنەوە.
لە چوار خولەکانی پێشووی ڕێککەوتنەکەدا ٧٦٦ دیلی فەڵەستینی و ١٦ ئیسرائیلی و پێنج تایلەندی ئازاد کران.
ڕێککەوتنەکە لە سێ قۆناغدا بەڕێوە دەچێت و لە قۆناغی یەکەم کە ٤٢ ڕۆژ دەخایەنێت، هەزار و ٩٠٠ فەڵەستینی و ٣٣ ئیسرائیلی ئازاد دەکرێن.

پەیوەنیدر