هەڵگورد جەلال
ساڵانە و لەرۆژی ڤالانتایندا، بەشێكی زۆری دوكانی گوڵ فرۆشان و پەیج و تەنانەت كەناڵە (خۆ پێ گرنگەكان) هەموو فۆكسێكیان لەسەر ئەو هەراجكردن و مەزادەیە كە هەندێك كوڕە بەرپرسی ئەم وڵاتە بەپارەی گشتی، ئۆتۆمبیلی گران بەهاو پارەی زۆر دەكەنە دیاری بۆ عەشیقەكانیان، ئیتر ئەمە بۆتە مۆد، تایتڵی پەیج و میدیاكان ئەوەیە ( فڵان ئۆتۆمبیل، ئەوەندە هەزار دۆلار، ئەوەندە ملیۆن دۆلار) لەلایەن ئەم سوراچاكەوە كراوەتە دیاری مەعشوقەكەی.
بەشێكی زۆری ئەو قسانەی ماركیتینگ و ریكلامی هەندێك لەو فرۆشیارانەیە بۆ بازاڕسازی خۆیان،هەروەك درێژكراوەی ئەو كلتوری بەكاڵاكردنی ژنان و ئافرەتانە، كە كچە مۆدیڵ و بەناو شاجوان و نمایشكارەكان هێنایانە كوردستان.
هەر چۆنێك بێت، ئەو جۆرە لەهەراجكردنی هەست و سۆزی كچان و ژنان و ئافرەتانی ئەم وڵاتە، مایەی بێرێزیكردنە، نەدەبوایە وابەئاسانی بەسەر (عەمالیقەكان)ی میدیادا تێبپەڕێت و مایكیان بۆ ڕابگرن و بیكەنە مانشێت، داخی گرانم هەندێك چالاكوانی ئەو دەیان ڕێكخراوەی ژنان و ئافرەتان و خوشكان و خانمان و كچان و هتدیش لایكیان بۆكردووە، وەلێ، لەم فەوزا و بێ سەروبەرەییەی ئێستای بەناو میدیای كوردیدا هەموو شتێك ئاساییە گوڵم.