کاتێک بە ناو قەزای خورماڵدا تێدەپەڕیت زۆر کەس لە تەمەنە جیاوازەکان بەدی دەکەیت کە پاسکیل وەک ئامڕازی گواستنەوە بەکاردەهێنن.
بەکارهێنانی پاسکیل لەو قەزا ڕەنگینە کە کەوتووەتە ناوچەیەکی گەشتیاری و لە وەرزە جیاوازەکانی ساڵدا لە سەرانسەری عێراقەوە گەشتیار ڕووی تێدەکات، بووەتە نەریت و گەورە و منداڵ بەکاریدەهێنن.
جیاواز لە ناوچەکانی دیکەی ئەم هەرێمە کە هاووڵاتیان زۆر ڕوویان لە بەکارهێنانی ئۆتۆمبێل کردووە و ئەوەیش قەرەباڵغی زۆری لەسەر شەقام و کۆڵانەکان دروستکردووە، تەنانەت لە هەندێک شوێندا جێگا بۆ وەستانی ئۆتۆمبێل نییە، لە خورماڵ لە بەردەم بەشێک لە دووکانەکاندا لەبری ئۆتۆمبێل پاسکیل ڕاگیراوە کە خاوەنەکانیان بۆ هاتوچۆی ڕۆژانە بەکاریدەهێنن.
لە پێناو پاراستنی ژینگەی قەزا و ناوچەکەیاندا کە سەرەڕای دانیشتوانەکەی ژمارەیەکی زۆر گەشتیاری لە سەرانسەری عێراقەوە سەردانی دەکەن، خەڵکی خورماڵ پاسکیل بە بژاردەیەکی باشتر بەراورد بە ئامڕازەکانی دیکە کە بە سووتەمەنی کار دەکەن بەکاردەهێنن.
لەو چوارچێوەیەشدا کەسایەتییەکی قەزاکە وەک دەستپێشخەریەک بۆ هاندانی هاووڵاتیان و پاراستنی ژینگەی قەزاکەیان پرۆژەیەکی خێرخوازی ڕاگەیاندووە کە بەبێ بەرامبەر و بە شێوەیەکی کاتی پاسکیل دەدات بەو کەسانەی بەکاریدەهێنن هەتا کاری ڕۆژانەیانی پێ ئەنجام بدەن.
سەرپەرشتیاری پرۆژەکە، لوقمان حەمە سەعید (٤٠ ساڵ) دەربارەی پرۆژەکە و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ڕایگەیاند: ”ئێمە لێرەدا وێستگەیەکمان هەیە کە ژمارەیەک پاسکیلمان تێدا داناوە و، کارمەندێکی بەڕێز ڕۆژانە لێرە دادەنیشێت و پاسکیلەکان دەدات بە خەڵک لە بەرامبەریشدا بۆ ئەوەی پاسکیلەکان کە دەبنە موڵکی هەمووان پارێزراوبن ناسنامەیەکی وەک؛ کارتی زانیاری یان کارتی نیشتمانیی وەردەگرێت و، دواتر بۆ ماوەیەک لەلای دەبێت و ئێمە کاتەکەمان دیاری نەکردووە لەوانەیە کاتژمێرێک کارەکەی خۆی پێ جێبەجێ بکات و دواتر بیگەڕێنێتەوە بۆ شوێنی خۆی”.
لوقمان باسی لە ئامانجی پرۆژەکە کرد و، ڕایگەیاند: ”بەم کارەمان دەمانەوێت پارێزگاری لە ژینگەی ناوچەکەمان بکەین کە ناوچەیەکی گەشتیارییە و، ئۆتۆمبێلێکی زۆر بەتایبەتی لە هاویناندا لەم ناوچەیەی ئێمەوە دەچن بەرەو سەیرانگاکانی زەڵم و ئاوێسەر، دەمانەوێت خەڵکی خورماڵ لەبری بەکارهێنانی زیاتری ئۆتۆمبێل پاسکیل بەکاربهێنن کە نابێتە هۆی پیسکردنی ژینگە”.
سەبارەت بە ژمارەی ئەو پاسکیلانەی بۆ پرۆژەکەیان دابینیان کردووە، لوقمان ڕایگەیاند: ”لە سەرەتادا ژمارەی پاسکیلەکان ٣٠ پاسکیل دەبن، بەڵام لە داهاتوودا لەوانەیە زیاتریان بکەین، لە ئێستادا هەر یەک وێستگە دەبێت، دواتر ئەگەر زانیمان خەڵک چاوەڕێی زیاترە لەوانەیە زیادیان بکەین”.
گوتیشی: ”ئەم وێستگەیەمان ناوناوە وێستگەی ژیانەوە، کە بەکارهێنانی پاسکیلە بەشێوەیەکی خۆڕایی، واتا پرۆژەیەکی خێرخوازییە”.
هاووڵاتییەکی قەزای خورماڵ بەناوی غەفار حەمەخان (٥٤ ساڵ)، کە پیشەی فرۆشتنی شەربەتی مێووژە و، بە پاسکیل کاروبارەکانی ڕۆژانەی ئەنجام دەدات، ڕایگەیاند: ”نزیکەی لە ساڵی ١٩٩٧ەوە هەتا ئێستا پاسکیل بەکاردەهێنم، یەکەم لەبەر تەندروستیی خۆم، دووهەم کارم بە پاسکیل دەڕوات، شەربەتی مێووژ دەفرۆشم ماڵمان دوورە هەموو جارێک ناکرێت عەرەبانەیەک بۆ یەک دەبە بنێرم، شەربەتەکان دەخەمە ناو ئەو سندوقەوە و، دەیانهێنم بۆ دووکان”.
غەفار باسی لەوە کرد کە زۆر سوودی لە بەکارهێنانی پاسکیل وەرگرتووە و، گوتی: “ئیش و کاسبیم بەمە (بە پاسکیل) دەڕوات، ئەتوانم ئۆتۆمبێل یان ماتۆڕ بکڕم، بەڵام ئەمە هەم دۆستی ژینگەیە هەمیش ڕێی خەڵک ناگرێت، نە ژینگە پیس دەکات نە خەڵک بێزار دەکات، خۆ ڕۆژانەم مێشکمان چووە بە دەست دەنگی ماتۆڕەوە”.
سەبارەت بەو پرۆژە خێرخوازییە کە هاندانێکە بۆ خەڵکی ناوچەکە پاسکیل لەبری ئەو ئامڕازانەی گواستنەوە بەکاربهێنن کە بە سووتەمەنی کار دەکەن، غەفار ڕایگەیاند: “ئیشێکی زۆر باشە، خەڵکیش دەبێت هاوکار بن. ئەم پاسکیلانە بۆ هاوکاری خەڵک دانراون، کاتێک دەیبەیت و ئیشەکەت پێکرد بیهێنەرەوە و بیخەرە شوێنەکەی خۆی، چونکە پارەت لێوەرناگیرێت. نابێت خەڵک بیبات هەر بۆ خۆشی و بەکاریبهێنێت و فڕەی بدات و دواتر بیدات بە کەسێکی دیکە بیهێنێتەوە و بڵێت بیدەرەوە و ناسنامەکەم بۆ بهێنەرەوە. هەر کەسێک دەیبات خۆیشی بیهێنێتەوە، هیچیشی پێنەکرا دۆعایەکی خێر بکات بۆ ئەو کەسەی پرۆژەکەی داناوە”.
بەکارهێنانی پاسکیل لای غەفار بەشێوەیەکە کە وەک خۆی باسی دەکات بۆ هاتوچۆی ئاسایی و تەنانەت بۆ میوانیش هەر بە پاسکیل دەڕوات و، حەزی بۆ پاسکیل سواری وای لێکردووە منداڵەکانیشی فێر بکات.