دوای هەڵپەساردنی مانگرتنی مامۆستایان و فەرمانبەران، كە 15 ڕۆژی خایاند، هێشتا بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندن لە سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین بەردەوامە و مەرجی شكاندنی بایكۆتیش تەوتین و دابەشكردنی مووچەی مانگی 12یە.
عوسمان گوڵپی، وتەبێژی مامۆستایان و فەرمانبەرانی مانگرتوو ڕایگەیاند، هەنگاوی مانگرتن لە خواردن هەنگاوێکی نوێی خەبات و ناڕەزایەتی مەدەنیانە بوو، پێمانوایە هەنگاوی داهاتوو دەبێت گفتوگۆ بکەین بۆ ئەوەی هەنگاوێک بنێین ئەم هەنگاوە بەهێزتر بکات نەک لاوازتر.
وتیشی، “تا ئێستا هیچ بڕیارێک نییە بۆ چالاکی نوێ، بەڵام گرنگترین شت بنەماکانن، کە دەبێت خەباتی مەدەنی بەردەوام بێت، بەڵام میکانیزمەکان بگۆڕێن”.
جەختیشی كردەوە، هیچ گرفتێک چارەسەرنەکراوە تا بایکۆت بشکێت، بۆیە پێموایە تا مووچەی مانگی 12 نەدرێت مامۆستایان ناچنەوە هۆڵەکانی خوێندن.
دوێنێ سێ شەممە 11ی شوبات، دوای 15 ڕۆژ لە مانگرتن، 13 مامۆستا و فەرمانبەر بڕیاریاندا لەسەر داواكاری هاووڵاتیان و مامۆستایانی ئایینی مانگرتنەكەیان بشكێنن، بەڵام هێشتا ئەو بایكۆتەی هۆڵەكانی خوێندن، كە لە سەرەتای مانگی 12ی ساڵی ڕابردووەوە دەستی پێكردووە نەشكاوە.