ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی لە گشتاندنێکدا کە ئاڕاستە سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەکانی کردووە، یەکخستنی ڕێکارە داراییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراقی ئاشکرا کرد.
وەزیری دارایی بڕیاری دا بە پابەندبوونی گشت وەزارەتەکان و لایەنەکانی نەبەستراو بە وەزارەت و سەرجەم تەشکیلاتەکانیان و تەواوی دامەزراوەكان لە هەرێمی کوردستان بەخشتەی هێزی کاری کارپێکراوی جێگیرکراو لە لیستی مووچەی مانگی (کانونی دووەم)ی ساڵی (۲۰۲٥) لە ڕووی ژمارەی هێزی کار و بڕی خەرجی و مووچەو شایستەداراییەکانی دیکەی هاتوو لە لیستی مووچەی ئەو مانگە تاوەکو پەسەندکردنی خشتە نوێیەکانی بودجەی گشتی فیدرال بو ساڵی (۲۰۲٥) لەلایەن ئەنجومەنی نوینەرانەوە.
ئەوەشی خستەڕوو کە لیستی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی (۲۰۲٥) دەبیتە بنەما بؤ ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و تەرخانکراوە داراییەکان بو تەواوی ساڵی دارایی (۲۰۲٥) بۆ سەرجەم بوارەکانی وەزیفەی گشتی (مەدەنی، سەربازی، پیشمەرگە، ئاسایش و هێزەکانی ناسایشی ناوخۆ).
هەروەها بڕیاردرا بە ڕاگرتنی دامەزراندن بە هەموو شێوازەکانی (دامەزراندن بە هەمیشەیی، دامەزراندن بە گرێبەست، دامەزراندنی کاتی، دامەزراندن لەسەر داهاتی ناوخۆ، دامەزراندن بە لەجیاتی دانان، وانەبێژ، خۆبەخش) و گەڕانەوە بۆ وەزیفەیان هەر شێوازێکی دیکەی دامەزراندن لە کەرتی وەزیفەی گشتی لەسەرجەم وەزارەت و لایەنەکانی نەبەستراو بە وەزارەت و گشت تەشکیلاتەکانیان و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان بۆ سەرجەم بوارەکانی.
هاوکات بەخشین و بەستنی دەرماڵەی نوێ بۆ سەرجەم مووچەخۆران ڕاگیرا و جەختیش لەسەر قەدەغەکردنی دامەزراندن لە هەر وەزیفەیەکی سەرکردایەتی و پلە تایبەت (بەڕێوەبەری گشتی و بەرەو ژوور)، ئەگەر پلەی وەزیفیی چۆڵ و تەرخانکراوی دارایی پێویست لە یاسای وەزارەت یان لایەنی نەبەستراو بە وەزارەت نەبوو.
لە نووسراوەکەی وەزیری داراییدا هاتووە “قەدەغەکردنی گواستنەوەی ڕاژەی فەرمانبەران لە سەرجەم بوارەکانی وەزیفەی گشتی لە نێوان سەرجەم وەزارەتەکان و لایەنەکانی نەبەستراو بە وەزارەت یان لە نێوان تەشکیلاتەکانیان بەبێ ڕەچاوکردنی سەرچاوەی داراییکردنیان بە شێوەی (تمويل ذاتی) بێت یان (تمويل مركزي)”.