دادگای فیدراڵی دەربارەی سکاڵاکەی سەرۆک کۆمار لە دژی سوودانی کۆدەبێتەوە

دانیشتنی دادگای فیدراڵی بۆ تاوتوێکرنی سکاڵاکەی سەرۆک کۆمار لە دژی هەریەک لە سەرۆک وەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و وەزیری دارایی عێراق بەڕێوەدەچێت.

بە پێی خشتەی دانیشتنەکانی دادگای فیدراڵی، بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، دادگاکە بۆ تاوتوێکردنی شەش سکاڵا کۆبێتەوە کە گرنگترینیان سکاڵاکەی د. لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆمارە کە لە دژی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیران، مەحمود مەشهەدانی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق تۆماری کردوون.

سەرۆک کۆمار داوای لە دادگای فیدراڵی کردووە بە فەرمانێکی وەلائی وەزارەتی دارایی عێراق پابەند بکات بە خەرجکردنی سەرجەم مووچەکانی ڕابردوو و داهاتووی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.

هاوکات داوای کردووە کە وەزارەتی دارایی عێراق پابەندبکرێت بەوەی بەردەوام بێت لەسەر خەرجکردنی مووچە بە بێ ڕاگرتن و دواخستنی لە ژێر هیچ پاساوێکی هونەری یان کارگێڕی وەک تەرازووی پێداچوونەوە یان ڕێکارە هونەری و چاودێرییەکان.

لە سکاڵاکەدا هاتووە کە تەوتینی مووچە لەسەر بنەمای ڕێنماییەکانی بانکی ناوەندی عێراق جێبەجێ بکرێت کە بانکە حکومی و ئەهلییەکانیش دەگرێتەوە و ئەم پرۆسەیەش بە هەماهەنگی نێوان وەزارەتی دارایی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت و فەرمانبەران سەرپشکبکرێن لە هەڵبژاردنی ئەو بانکەی کە خۆیان دەیخوازن.

سەرۆک کۆمار لە سکاڵاکەیدا داوای لە دادگای فیدراڵی کردووە، ئەنجومەنی نوێنەران پابەندبکرێت بە هەموارکردنی بڕگەی (ج)ی لە ماددەی 12ی یاسای بودجەی ساڵی 2023 بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بتوانێت لە ڕێی داهاتی نەوتەوە بەشداری لە دابینکردنی دارایی بۆ خەزێنەی دەوڵەت بکات و دابینکردنی شەش دۆلار بۆ خەرجی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستاندا مەرجێکی ستەمکارانەیە و زیان بە بەرژەوەندی گشتی خەزێنەی دەوڵەت دەگەیەنێت و بەزیانیش بۆ ئابووری وڵات دادەنرێت.

پەیوەنیدر