کۆمەڵی دادگەریی و یەکگرتووی ئیسلامیی کۆبوونەوە

لەسەر ئاستی باڵا یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری کۆبوونەوە و پشتیوانی خۆیان بۆ داوای ڕەوای مامۆستایان دووپاتکردەوە.

ئەمڕۆ یەكشەممە ٩/٢/٢٠٢٥ ز، بەمەبەستی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و گفتوگۆ لەسەر هەندێك پرسی گرنگ و هەنووکەیی بە سەرۆکایەتی عەلی باپـیر سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان و سەڵاحەدین موحەممەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، لەسەر ئاستی باڵا کۆمەڵی دادگەریی و یەکگرتووی ئیسلامیی لە شاری هەولێر لە مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کۆبوونەوە.

بەپێی بڵاوکراوەیەک، هەردوولا پرسی مانگرتنی ژمارەیەک لە مامۆستایان و فەرمانبەران بە نوێنەرایەتی چین و توێژەکان بە گرنگییەوە وەرگیرا، و هەردوولا پشتیوانی خۆیان بۆ داوای ڕەوای مامۆستایان دووپاتکردەوە و داخوازییەکانیان بە ڕەواو پێویست زانی و ئەرکی دەسەڵاتە لە کاتی خۆیدا مافی فەرمانبەران و تەواوی مووچەخۆران دابین بکات، مافی هاووڵاتییانە بە شێوەی مەدەنیی داوای مافی خۆیان بکەن و ڕەوا نیە لایەنی دەسەڵات کەمتەرخەم بێ لە وەڵامدانەوەیان یان بەهێز ڕووبەڕویان ببێتەوە.

تەوەرەیەکی تری گفتوگۆکان قسەو باسکرا لەسەر شەڕی نابەرانبەریی غەززەو ئیسرائیل و ئەو سەرکەوتنەی لە شەڕی پانزە مانگەیاندا دانیشتوانی غەززەو فەلەستین بەدەستیان هێنا، جێگەی خۆشحاڵی و ستایشە و، هەردوولا هیوایان خواست کۆتایی نەهامەتییەکانی خەڵکی فەلەستین بێت و سەرەتایەک بێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی زایۆنی کە لەسەر خاکی فەلەستین بونیاد نراوە و هیواشیان خواست دەوڵەتانی ئیسلامیی و گەلانی مسوڵمان هاوکاریی دانیشتوانی خۆڕاگری غەززە بکەن و بەشێک بن لە ئاوەدانکردنەوە و، هەوڵی ڕاگواستنی خەڵکەکەی بۆ شوێنی تر بە ناڕەوا وەسف کرد.

پەرەپێدانی پەیوەندیی نێوان هەردوولا لەم بارودۆخە بە گرنگ زانرا و ڕاوێژ و ڕاگۆڕینەوە و کاری هاوبەش، داخوازی جەماوەرە مسوڵمانەکەو پێویستیی گۆڕەپانەکەشە.

پەیوەنیدر