وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسیی حزبەکەیان بە سەرپەرشتیی بافڵ تاڵەبانی، لەبارەی پرسی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم، كۆدەبێتەوە.
سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەكێتی لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: كۆبوونەوەكە تایبەتە بە تاوتوێكردنی چەند تەوەرێكی گرنگی پەیوەست بە هەرێمی كوردستان و عێراق.
باسی لەوەشکرد، تەوەرێکی گرنگی كۆبوونەوەكە تایبەت دەبێت بە هەڵسەنگاندنی دەرەنجامى کۆبوونەوەکانى هەردوو شاندی دانوستانكاری یەكێتی و پارتی سەبارەت بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم.
بەپێی زانیارییەکان، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە مانگرتنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی سلێمانی و هەوڵەكانی نێوان هەرێم و بەغداد بۆ چارەسەركردنی كێشەی مووچە.