زیاتر لە 8 هەزار پێشمەرگە و پلەداری وەزارەتی پێشمەرگە پلەكانیان بەرزکرایەوە

وەزارەتی پێشمەرگە پلەی زیاتر لە 8هەزار پێشمەرگە و پلەداری بەرزکردەوە و وەزیری پێشمەرگەش پیرۆزباییان لێدەکات.

ئەمڕۆ 6ـی شوباتی 2025، بەپێی نووسراوێک کە واژۆی شۆرش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی لەسەرە، بریاردراوە بە پلەبەرزکردنەوەی زیاتر لە 8هەزار پێشمەرگە و پلەدار و هاوکات وەزیری پێشمەرگەش پەیامیکیان ئاراستە دەکات.

شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڵاوی كردەوە، “پیرۆزبایی لە پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان دەکەم، بە بۆنەی پلەبەرزکردنەوەی 8 هەزار و 168 پێشمەرگە و پلەداری وەزارەتی پێشمەرگە کە لە خشتەی ئەیلوولی ساڵی 2024، پلەکانیان بەرز کرایەوە.

وەزیری پێشمەرگە دەشڵێت”هیوادارم سەرکەوتوو بن و بەردەوام بن لە ئەرکی پیرۆزی پێشمەرگایەتی و پاراستنی خاک و ئاڵا و خەڵکی کوردستان.”

ئاماژەی بەوەشداوە، لە سەرەتای دەستبەکاربوونمان لە وەزارەتی پێشمەرگە، بە پشتیوانیی سەرۆکایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان توانیومانە پلەبەرزکردنەوەی پێشمەرگە و پلەدارانی وەزارەتی پێشمەرگە بخەینە سەر ڕێچکەی ئاسایی و یاسایی خۆی، و کارمان کردووە بۆ دابینکردنی مافەکانی پێشمەرگە و باشترکردنی ژیان و گوزەرانیان.

جەختیشدەکاتەوە، دابینکردنی مافەکانی پێشمەرگە لە ئەولەویەتی کاری وەزارەتی پێشمەرگە و پرۆسەی چاکسازییە، لەگەڵ دابینکردنی مافەکانی پێشمەرگە، پێویستە هێزی پێشمەرگەی کوردستان وەک هەمیشە لە بەرەوپێشچوون و بەرزکردنەوەی توانا سەربازییەکانیدا بێ.

ئەمە لەکاتێکدایە، ماوەی زیاتر لە هەشت ڕۆژە بەشێک لە مامۆستایان و فەرمانبەران لە سلێمانی مانیان لە خواردن و خواردنەوە گرتووە و داوای پێدانی مووچەکانیان لەکاتی خۆیدا و گێڕانەوەی پەلەبەرزکردنەوە دەکەن کە ماوەی زیاتر لە هەشت ساڵە راگیراوە و هیچ پلەیەکیان بەرزنەکراوەتەوە، بەڵام هێزە ئەمنییەکان و هەندێک بەشێ تر تائێستا بەردەوامن لە پلەبەرزکردنەوە.

پەیوەنیدر