حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند، ڕێکارەکانی ڕادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بە کۆمپانیای سۆمۆ دەستیپێکرد.
ئەمڕۆ دووشەممە، حەیان عەبدولغەنی لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقییە ڕایگەیاند: “وەزارەتی نەوت هەنگاوەکانی لەگەڵ حکومەتی هەرێم دەستپێکردووە بە ناردنی نوسراوێکی فەرمی بۆ گەیاندنی نەوت بەشێوەیەکی یاسایی بە کۆمپانیای سۆمۆ” و جەختیکردەوە کە حکومەتی فیدراڵی توانای وەرگرتنی بەرهەمە نەوتییەکانی هەرێم و هەناردەکردنی لە ڕێگەی سۆمۆوە هەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، “رێکارەکان لەگەڵ حکومەتی تورکیا لە ئارادان بۆ ئامادەکردنی هێڵی بۆری عێراق-تورکیا بۆ هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە”.
عەبدولغەنی ئەوەشی خستەڕوو کە ئەو بڕە نەوتەی کە هەرێمی کوردستان ڕۆژانە ڕادەستی دەکات لە 300 هەزار بەرمیل کەمتر نابێت و لە ڕێگەی بۆری عێراق-تورکیا هەناردە دەکرێت”.
ڕاشیگەیاند قەرزەکانی سەر هەرێمی کوردستان بە ڕێککەوتن لەنێوان هەردوولا دەدرێنەوە.
ئەم هەنگاوەش دوای ئەوە هات کە دوێنێ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەمواری یاسای بودجەی پەسەندکرد کە ڕێخۆشکەربوو بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان.