شارەزایەکی کەشناسی پێشبینی دەکات ئەو شەپۆلی بارانبارینەی کە چاوەڕوان دەکرێ هەرێمی کوردستان بگرێتەوە، هەموو زەوییە کشتوکاڵییەکانی پێ تێر ئاو ببن و دەشڵێت ئەگەری بەفربارینیش هەیە.
ئەمشەو شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی ڕایگەیاند، شەپۆلەکەی 5ی مانگ و ڕۆژانی دواتری، بۆ تەواوی ناوچەکان بارانی پێویست و باشی پێوەیە بەتایبەت بۆ کشتوکاڵ کە تەواوی جۆرەکانی بەربوومی کشتوکاڵی پێ تێر ئاو دەبن لەهەندێ ناوچە یەدەگی ئاویشی پێ زیاد دەکات.
ڕوونیشیکردەوە کە شەپۆلی ئەمجارە پێک دێت لەنزمە پەستانێکی بەرفراوانی باشی کلاسیکی دەریای ناوەڕاست بەهاتنەخوارەرەی تەوژمە هەوایەکی ساردی جەمسەری دروست دەبێت و لەهەموو شەپۆلەکانی مانگی دوانزەو یەک باشتره و ئەم کەشە وشکیەی ماوەیەکە باڵادەستە لەناوچەکانمان کۆتایی پێدێنێت و دۆخەکه ئاسایی دەکاتەوە.
ڕاشیگەیاند، بەپێی گۆڕانکاری ئێستا بڕی باران بۆ ناوچەکانی گەرمیان و سنووری پارێزگای کەرکووک و دەشتی هەولێر وەک دەشتی قەراج و کەندێناوا و مەخمور و ڕۆژئاوای سنووری دهۆک بڕی بارانەکە لەنێوان 15 ملم تا 40 ملم دەبێت و ناوچەکانی تر لە نێوان 35 تا 70 ملم دەبێت.
ئەوەشی خستەڕوو کە ئەگەری بارینی بەفرێکی باشیش هەیە لە کوێستانەکان.
شاڵاو هیدایەت سەبارەت بەناوچەکانی تر بۆ بەفربارین ڕایگەیاند، ئەگەر جێگیر بێت له کۆتایەکانی شەپۆلەکە هەلومەرج تەواو گونجاوە بۆ بارینی بەفر تایبەت بۆ ناوچە نیمچە شاخاوییەکانیش ئەو شوێنانەی کەوتونە نزیک شاخەکان.