ئیداره‌ی خۆسه‌ر هه‌ڵوێستی له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌حمه‌د شه‌رع به‌ سه‌رۆكی سووریا ڕاگه‌یاند

ئیدارەی خۆسەری سووریا، کۆبوونەوەکەی ڕۆژی چوار شەممەی دیمەشقی بە نایاسایی ناوبرد، کە تێیدا ئەحمەد شەرع بوو بە سەرۆک کۆماری سووریا.

ئەمڕۆ یەک شەممە، ٢ی شوباتی ٢٠٢٥، ئیدارەی خۆسەر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوە فراوانەکەی چوار شەممەی ڕابردووی دیمەشق بڵاوکردەوە، کە تێیدا ئەحمەد شەرع بە سەرۆک کۆمار دەستیشان کرا و دەڵێت: “کۆبوونەوەکە نایاسایی بوو”.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:
لە سایەی ئەو گۆڕانکارییە خێرایانەی لە سووریا روودەدەن، لەدوای رووخانی رژێمی بەعس کە بە سەرکەوتنێکی گشتی بۆ هەموو گەلی سووریا بە هەموو چین و پێکهاتەکانیەوە دادەنرێت و، لەو کاتەی کە گەلی سووریا چاوەڕێی ئەنجامدانی کۆنگرەیەکی نیشتمانیی سووری بوو بۆ ئامادەکاری و داڕشتنی دەستوورێکی گشتگیر و هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی، دەسەڵات لە دیمەشق کۆبوونەوەیەکی فراوانی بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە سەرکردەکانی گرووپە سوورییەکان ئەنجامدا و، لە ڕێگەیەوە چەند بڕیارێک دران، لەم چوارچێوەیەدا، ئێمە لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری دیموکراتی هەرێمی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، جەخت دەکەینەوە لەوەی؛ دەبوو بڕیارەکان لە چوارچێوەی کۆنگرەیەکی نیشتمانیدا بدرانایە، کە هەموو پێکهاتە و ئایین و توێژەکانی سووریای تێدا بەشداربوونایە، لەوانە ژنان و لاوان.

ئێمە لەکاتێکدا رەخنە لە کۆبوونەوەیەکی لەو شێوەیە دەگرین، بەتایبەتی کە لەنێو ئامادەبوواندا هەندێک کەسایەتیی هەن کە لەنێو لیستی تیرۆردان و دەستیان بە خوێنی گەلی سووریا سوورە، لە سەرووی هەموویانەوە ئەحمەد ئیحسان فەیاز هایس، ناسراو بە “ئەبو حاتم شەقرا” کە هەڤرین خەلەف، ئەمینداری گشتیی حیزبی سووریای داهاتووی کوشتووە، هەروەها محەممەد جاسم کە بە “ئەبو عەمشە” ناسراوە و چەندین تاوانی دژی گەلی سووریا ئەنجامداوە بەتایبەتی لە عەفرین. ئێمە جەخت دەکەینەوە لەوەی کۆبوونەوەیەکی لەو شێوەیە نایاساییە و دەربڕی ئەو هیوایانە نییە کە پێکهاتەکانی سووریا هەوڵی بۆ دەدات.

پەیوەنیدر