40 هەزار بازرگان و بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون

ناوەندێکی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ ڕایدەگەیەنێت، لە ماوەی سێ ساڵدا 40 هەزار کەس لە عێراقدا بە تۆمەتی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون و 230 تۆڕی نێودەوڵەتی و ناوخۆییش هەڵوەشێندراونەتەوە.

ئەمرۆ چوارشەممە، فازڵ غەڕاوی، سەرۆکی ناوەندی توێژینەوەی ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، لە ماوەی ساڵەکانی 2022 و 2023 و 2024دا 230 تۆڕی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر هەڵوەشێندراونەتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو کە هەر لەو سێ ساڵەدا 40 هەزار کەس بە تۆمەتی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون.

غەڕاوی ڕاشیگەیاند، بە پێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ماددە هۆشبەرەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ، ماددەی کریستال باوترینی ئەو ماددە هۆشبەرانەن کە لە عێراقدا بەکاردەهێندرێن و ڕێژەکەی دەگاتە 37.3٪ دوای ئەویش حەبی کەپتاگۆن بەڕێژەی 34.35٪ و ئەوانەی دیکەش ڕێژەی 28.35٪ پێکدەهێنن.

سەرۆکی ناوەندی توێژینەوەی ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ داوای پتەوکردنی هەماهەنگیی هەرێمیی و نێودەوڵەتی کرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر و بە پێویستیشیزانی توانای هێزە ئەمنییەکان بۆ ڕێگرتن لە قاچاخچێتیکردن بەو ماددانە بەرزبکرێنەوە.

پەیوەنیدر