جەنگ لە حەلەب و دوکەڵ لە ناوچەکە!

دڵشاد ئەنوەر – ڕۆژنامەنووس

هەیئەی تەحریری شام بە شێوەیەکی کورت و پڕو خێرا بەشێکی زۆر لە ناوچەکانی حەلەبی سوریای کۆنترۆڵکرد، کەوتنی حەلەب و داڕمانی سوپای سوریا و گوێ نەدانی تورکیا بە نیگەرانییەکانی ڕوسیا پێشهاتێکی نوێن.

پێشتر کاتێک خەریکبوو حەلەب بکەوێت، ڕوسیا هاتە سەر هێڵ و هێزی بەکارهێنا و ڕێگری کرد، ئێستاش دیسانەوە هەست بە نیگەرانییەکانی بەرامبەر جوڵەی تورکیا دەکرێت و هاتووەتە سەر هێڵ و گروپەکانی نزیک لە تورکیا بۆردومان دەکات.

پێش ئەوەی بێمە سەر هۆکارەکانی زوو کەوتنی حەلەب ئاماژە بە ئامانجەکانی تورکیا لە جوڵاندنی هەیئەی تەحریر شام لەمکاتەدا دەکەم، کە تورکیا کۆمەڵێک ئامانجی هەیە و دیارترینیان دەیەوێت لە ڕێگەی ئەو هێزانەوە هەمیشە کارتی فشاری هەبێت و ڕۆڵداربێت لە سوریا.

تورکیا دەمێکە داوای دانوستان لە ئەسەد دەکات، بەڵام ئەسەد داواکەی تورکیا ڕەتدەکاتەوە و مەرجی کشانەوەی تورکیای بۆ دانوستان خستبووەڕوو، بۆیە دوای نائومێدبوونی لە ئەسەد، تورکیا دەیەوێت خۆی ئەو کارانە بکات کە چاوی لەسەر ڕژێمی سوریا بوو بۆی بکات.

ئامانجی سەرەکی تورکیا لە قاڵبدانی کوردەکانی سوریا و کۆنترۆڵکردنی تەل رەفعەت و منبج و کۆمەڵێک ناوچەیە تا پشتێنەیەک دروست بکات، ئەمە جگەلەوەی تورکیا دڵنیایە دوای بە ئاگربەستی لوبنان ئاڵۆزییەکان لە سوریا سەرهەڵدەدەن و ترسی لە پشتیوانی ڕۆژئاوا هەیە بۆ کوردەکانی سوریا، بۆیە خێراتر خۆی چووە ناو هاوکێشەکەوە و جوڵا.

تا ئێستا کوردەکانی سوریا دەستپێشخەرییان بۆ شەڕ نەکردووە، بەڵام خۆشیان ئامادەکردووە بۆ ئەگەری پەلاماردانیان لەلایەن هەیئەی تەحریری شامەوە.

هاوکات لەگەڵ دەستپێشخەری نەکردنی کوردەکان، ئەمەریکاش تا ئێستا تەماشاکەرە، بۆیە پێدەچێت لەحاڵەتی هەڵگیرسانی شەڕ لە نێوان کورد و ئەو گروپانە زیاتر هەڵوێستی ئەمەریکا ڕوونببێتەوە.

ئەمەریکا تا ئێستا خۆی بە پشتیوانی کوردەکانی سوریا دەزانێت، ئەو گروپانەش لە لیستی تیرۆردان، بۆیە ئەو گروپانە هەڵەی ستراتیژی دەکەن گەر پەلاماری کورد بدەن و ئەمەریکا ناچار دەکەن هەڵوێستی خۆی ڕوونبکاتەوە، خۆ گەر پێشڕەویش بەرەو قوڵایی دەسەڵاتی ئەسەد بکەن پێناچێت ڕوسیا دەستەوەستان بێت.

سەبارەت بە ئیسرائیلیش دۆخەکە ڕوونە، ئەسەد بەلای ئیسرائیلەوە زۆر باشترە لەو گروپانە، بەتایبەت ئەسەد پێچەوانەی ئەو گروپانە مەترسی نییە لەسەر ئیسرائیل.

دەکرێ بپرسین چی وایکرد حەلەب بە خێرایی بکەوێت؟

سوپای سوریا ماندووە و توانای شەڕی نەماوە، ئەوەی تا ئێستا ڕۆڵی گەورەی هەبووە لە پاراستنی ئەو ناوچانە، پاڵپشتی ڕوسیا و ئێران و چەکدارەکانی حزبوڵای لوبنان بوون.

ئێستا حزبوڵا لاواز بووە، تا ڕادەیەکی زۆر ئێرانیش ڕۆڵی جارانی نەماوە و ڕوسیاش گیرۆدەی دەست شەڕی ئۆکرانیایە، بۆیە تورکیا لە ڕێگەی ئەو گروپانەوە دۆخەکەی قۆستەوە.

ئەوەی تا ئێستا ڕوونە، ڕوسیا و ئێران زۆر نیگەرانن لە جوڵاندنی هەیئەی تەحریری شام لەلایەن تورکیاوە، بۆیە با چاوەڕێی ئەوە بکەین بزانین ئەم جوڵە نوێیە سەربازییە نێوانیان ئاڵۆز دەکات، یان وەک هەمیشە شەڕەکە بەوەکیلەکانیان دەکەن.

ڕاستە جەنگ لە حەلەبە، بەڵام دوکەڵ ناوچەکەی گرتووەتەوە، چونکە ئەو جەنگە تەنها لەناوچەیەکی دیاریکراو قەتیس نەبووە، بەڵکو گرێدراوە بە وڵاتانی زلهێزو ئیقلیمیشەوە.

 

پەیوەنیدر