بە شەو مانەوەی منداڵ بە تەنها لە ماڵی خزم و کەسوکار ڕێگە پێدراو نییە

سۆران ڕەسوڵ – پسپۆڕی پەروەردەیی

یەکێک لەو بەرپرسیارێتییانەی دایبابان بەرامبەر منداڵ و جگەرگۆشەکانیان ئەوەیە پارێزگاری بکەن لە ڕەفتار و هەڵسوکەوت و ڕەوشت و مامەڵە و پەیوەندییەکانیان بە کەسانی دیکەوە و چۆنیەتی بڕیارداان لەسەر ئەوەی چۆن بتوانین لە سنووری خێزانداریمان پێگەی کۆمەڵایەتی و خزمایەتییان بۆ دەستەبەر بکەین، بەڵام لەژێر چاودێری خۆمان.

یەکێک لەو ڕێکارانەی کە پەروەردەناس و کۆمەڵناسەکان جەختی لەسەر دەکەنەوە و پێویستە دایبابان سازشی لەسەر نەکەن، ڕێگە پێنەدانی منداڵەکانیانە هەتا تەمەنی ۱٨ ساڵی بەبێ بوونی خۆیان لە ماڵی هیچ کەسێک بە شەوان بۆ کاتی خەوتن و ڕۆژکردنەوەیان لەو ماڵە، جا لەژێر هەر ناوێکی خزمایەتی بێت وەک ماڵی باپیرە و خاڵ و مام و پور و ئامۆزا و پورزا و خاڵۆزا و… هتد.

ئەم کارە چەندین لێکەوتەی نەرێنی و شوێنەواری خراپ لەسەر ئێستا و داهاتووی منداڵ بەجێدەهێڵێت، لەوانە:

۱ ــ تەنها مافی دایبابە کە منداڵەکەیان لە لایەن خودی خۆیانەوە ئاڕاستەبکرێت و پەروەردەبکرێت، بە شەومانەوەی منداڵ بە تەنها لەماڵی کەسوکار چەندین ڕەفتاری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ وەردەگرێت، کە دەبێتە هۆکاری چەند پەروەردەیی بۆ منداڵ، چونکە منداڵ لەڕێگەی بینینی ڕاستەوخۆی چاوەکانی ڕەفتار و گوفتار و هەڵسوکەوتی ئەندامانی ئەو خێزانەی شەو لەماڵیان ماوەتەوە وەردەگرێت.

۲ ــ ئەرکی دایک و باوکە کە ماڵ و ژینگەیەکی شیاو و ئارام و جێگەی خەوتن بۆ منداڵەکانیان دەستەبەربکەن، هەتا منداڵەکەیان بۆ خەوتن لەهیچ شوێنێک نەمێنێتەوە، یاخود لەبەر بێزاربوون و دڵتەنگییان لە ماڵی خۆیان حەز بە مانەوە لە ماڵان بکەن.

۳ ــ نابێت دایبابان شلگیربن لەوەی منداڵەکەیان لە ماڵی هەر کەسێک وتی نایەمەوە و ئەمشەو لێرە دەمێنمەوە ئیتر دایباب خۆیان ڕادەست بەم داوایەی منداڵەکەیان بکەن و شەو لەو ماڵە بمێنێتەوە، چونکە ئەمە سەردەکێشێت بۆ دیاردە و ئیتر منداڵ دەکات بە میوانی ماڵی خۆیان.

٤ ــ نابێت دایبابان لە ژێر ناوی هاوتەمەنی خزمەکانی و سەعی کردن و خوێندن و یاریکردن و… هتد ڕێگە بە مانەوەی منداڵەکەیان بدەن بە شەوانە لەماڵی کەسوکار.

٥ ــ خێزانی ئێمە هۆشیاری سێکسی بە منداڵەکانیان نادەن کە مافە جەستەییەکانی چین، هەتا هۆشیار و بە ئاگا بێت لەسەر خۆپارێزی، بۆیە منداڵ پێویستە کات و شوێنی خەوتنی پارێزراوبێت، وە سروشتی مرۆڤ وایە لە کاتی خەوتندا وەک دەڵێن (مرۆڤی خەوتوو وەک مردوو وایە) بۆیە ڕەنگە شێوازێکی جیاواز بخەوێت، یاخود بەشێک لە جەستەی بەدەربکەوێت لە کاتی خەودا یان لەژوورێکی کراوە یان داخراو لەگەڵ چەند منداڵێک یان گەورەتر بخەوێت، هەموو ئەمانە دەبێت زۆر بە هەند وەربگیرێن.

٦ ــ لە ڕووی شەرعی و ئایینیشەوە ڕێگەپێدراو نییە منداڵ لە تەنیشت هیچ کەسێکەوە بخەوێت، وە پێویستە لە تەمەنی دوو بۆ دوو ساڵ و نیو تەنانەت لە دایک و باوکیشی جیابکرێتەوە لە جێگەی خەو، تەنانەت پێویستە لەناو ماڵی خۆشمان جێگای خەوتنیان بۆ جیابکەینەوە، ئەمەش بەوە دەبێت بۆ هەر منداڵێك كوڕ بێ یان كچ جێگا و ڕاخەر( دۆشەك) یاخود سیسەمی تایبەت بە خۆی هەبێت، تەنانەت ئەگەر بکرێت و دەسەڵات هەبێت لە ڕووی دابینکردنی ژوورەوە شوێن و جێگەی خەوتنی کوڕ و کچ لە ژووری جیاواز بێت نەک لە یەک ژوور پێکەوە.

۷ ــ منداڵ بەردەوام لەڕووی عەقڵی و فسیۆلۆژی و هەستەکانی گەشەدەکات، بە تایبەتی لە تەمەنی هەرزەکاریدا کە بەشێک لە ئەندامانی جەستەی دەگەنە پێگەیشتن و ئامادەیە بۆ قۆناغێکی نوێ، بۆیە دەبێت دایبابان زۆر زۆر ئاگاداربن لە هەڵسوکەوت و مامەڵەیان لەگەڵ هەرکەسێک لە خزم و کەسوکار و هاوڕێ و ناسیاواندا، بە تایبەتتر کە ئەم سەردەمە ناودەبرێت بە ‘سەردەمی تەکنەلۆژیا و زیرەکی دەستکرد’ بۆیە دەبێت ئەگەرەکان بە لێزانی و بە ئاگایی مامەڵەبکەین.

سوودەکانی جیاکردنەوەی ژووری نووستنی منداڵ‌:

یەکەم، یارمەتی بەهێزبوونی متمانە بەخۆبوونی منداڵ دەدات.

دووەم، هەستکردن بە سەربەخۆیی لە منداڵدا گەشەدەکات و بەم جۆرە منداڵ هەست دەکات کە شوێنێکی کەسی و تایبەت بەخۆی هەیە و دەتوانێت بەسەربەخۆیی لە ژوورەکەی خۆیدا بخەوێت.

 

پەیوەنیدر