سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگەی کەرکووک دەستبەرکاربوو

پارێزگار و سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگەی کەرکووک جەخت دەکەنەوە لەوەی وەک یەک تیم و بە بێ جیاوازی کاردەکەن، بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە پارێزگەکە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، محەمەد حافز، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگەی کەرکووک دەستبەکاربوو و لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشیدا لەگەڵ ڕێبوار تەهای پارێزگاردا ڕایگەیاند لەمڕۆوە مێژوویەکی نوێ لە کەرکووک دەستپێدەکات.

جەختیشیکردەوە کە لەو ڕێککەوتنە سیاسییەی ئەنجامیانداوە مافی هەموو پێکهاتەکان پارێزراوە و پۆستەکانیش بۆ پێکهاتەی تورکمان بەجێهێڵراوە تا ئەو کاتەی دەستبەکاردەبن.

محەمەد حافز ئەوەشیخستەڕوو کە لەگەڵ ڕێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووکدا وەک یەک تیم کار بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییانی کەرکووک دەکەن و پارێزگەکە بە جوانترین وێنە نمایش دەکەن.

لایخۆشیەوە ڕێبوار تەها پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگەی کەرکووک کرد و ڕایگەیاند، ئامانجی سەرەکییان بەدیهێنانی پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکان دەبێت.

دووپاتیشیکردەوە کە حکومەتی خۆجێیی و ئەنجومەنی پارێزگە دەبنە تەواوکەری یەکتر و وەک یەک تیم کاردەکەن بۆ خزمەتکردنی ناوچەکانی کەرکووک بە بێ جیاوازی.

پەیوەنیدر