نەخۆشی یەکەمی!

ئاشتی حەمە ساڵح – مامۆستای زانکۆ

یەکەمی نەخۆشییەکی کوشندەی باوە لە کۆمەڵگە تازەگەشەکردووەکاندا و هەمیشە بواری تەشەنەکردنیشی زۆر خێرایە!

بەداخەوە هەرچەندە هەموومان شایەتی ئەوە دەدەین کە هەموو مرۆڤێک لایەنێکی بەهێزی هەیە و لەوەدا یەکەمە، دەتوانێت لەو بوارەدا ئەسپی خۆی تاوبدات و بە باشی خزمەتی کۆمەڵگە بکات.

لێرەدا دەمەوێت ئەوە بڵێم، کە هیچ جۆرە خزمەتکردنێک بچوک یان گەورە نییە، بەڵکو وردی، شارەزایی، دڵسۆزی، گەورەیی و بچوکی خزمەتەکە دیاریدەکات، دەبێت پەلە نەکەین لە بڕیارداندا، چونکە لە کۆتای و لە بواری پراکتیکدا گەورەیی ئیش و پیشەکان دەردەکەوێت.

جێی باسە هەموو ساڵێک دیاردەی قەبەکردنی ئەنجامی کۆتایی قۆناغی ١٢ دەبێتە مانشێتی زۆربەی میدیاکان و یەکەمەکان دەکرێن بەکاریزما و ئەفسانە، میدیاکان دێن و لەو تەمەنە کەمەدا پرسیاری جۆراوجۆر لە یەکەمەکان دەکەن و ئەوانیش بەهۆی شۆکی نمرەی بەرزەوە تووشی شڵەژان دەبن و بەسەرسامی و شپرزەییەوە وەڵام دەدەنەوە.

ئەم دیاردەیە لەلایەک هەڵەی لایەنی پەیوەندیدارە و لەلایەکی تریش هەڵەی میدیا و دواتریش لاوازی ئاستی مەعریفی کۆمەڵگەمان دەردەخات، دەبێ هەموولایەک ئەوە بزانین، کە ئەم بایەخە زۆرە بە یەکەمەکان بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ سزادانی هەموو ئەوانیترە، دنیایەک کێشەی دەروونی و کۆمەڵایەتی دروست دەکات.

لە کۆتایدا ئەرکی حکومەت ئەوەیە بە گشتی هەوڵی بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندکاران بدات، ئەرکی میدیا ئەوەیە بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە لەگەڵ زانیاریەکاندا بکات، لە سوود و لە بەرژەوەنی گشتی بڵاویان بکاتەوە.

ئەرکی کۆمەڵگەش ئەوەیە سۆزو خۆشەویستی بۆ تاکی کۆمەڵگەکەی هەبێت، لەژێر هیچ بیانوویەکدا بەردباران و برینداریان نەکات.

 

پەیوەنیدر