دەرماڵەی مامۆستایان دەكرێتە 300 هەزار دینار؟

نەقیبی یەکێتی مامۆستایانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، لەگەڵ سەرۆك وەزیران كۆدەبنەوە و داوای زیادكردنی دەرماڵەی مامۆستایان دەكەن و دەشڵێت: “لە كۆبوونەوەی پێشوویان بەڵێنی پێدانی زەوییان وەرگرتووە و پڕۆسەكە هەنگاوی باشی بڕیوە.

عودەی عیساوی، نەقیبی یەکێتی مامۆستایانی عێراق بۆ ڕۆژنامەی (الزمان) ڕایگەیاندووە، بەم نزیکانە لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەبارەی زیادکردنی دەرماڵەی مامۆستایانەوە گفتوگۆ دەکەن و داوا دەکەن دەرماڵەکەیان لە 150 هەزارەوە بکرێتە 300 هەزار دینار.

ڕاشیگەیاندووە، بەلەبەرچاوگرتنی ئاستی بژێوی مامۆستایان و ئەو ئەرکە قورسەی لەسەر شانیانە بۆ پێگەیاندنی نەوەکانی داهاتوو، مافی خۆیانە بەباشی بژین و لە ئێستاشدا داوادەکەین دەرماڵەکەیان بۆ بکرێتە دوو هێندە.

عیساوی ئاشكراشی كردووە، لە كۆبوونەوەی پێشوویان لەگەڵ سەرۆك وەزیران، بەڵێنی دابەشكردنی زەوی بە مامۆستایان درا و ئێستاش پڕۆسەكە هەنگاوی باشی ناوە و لە ماوەیەکی نزیکدا ئەنجامەکان بڵاودەکەنەوە.

بەپێی یاسای مووچەی ژمارە 22ی ساڵی 2018 و بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ دەرماڵەكان، بڕی 150 هەزار دینار بۆ سەرجەم مامۆستایانی عێراق و هەرێمی كوردستان بەستراوە.

پەیوەنیدر