تورکیا لەڕێگەی بەنداوەکانییەوە عێراقی خنکاندووە

لەماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا، تورکیا لە دروستکردنی بەنداوەکانی سەر ڕووباری دیجلە و فورات نەوەستاوە، و بەردەوامیشە لە دروستکردنیان پیێش ئەوەی بێنە خاکی عێراقەوە.

لە ئێستادا ژمارەی ئەو بەنداوانەی دروستی کردووە زیاتر لە 22 بەنداو و 19 وێستگەی کارەبای ئاوە، ئەمەش لە چوارچێوەی پڕۆژەی “ئەناتۆلیای باشووری ڕۆژهەڵاتی گەورە” کە لەلایەن ئەنقەرەوە لە ساڵی 1980دا ڕاگەیەندرا.

بەنداوی ئیلیسو کە لە ساڵی 2006 دەست بە دروستکردنی کراوە و لە ساڵی 2018 کرایەوە، بە گەورەترین پڕۆژەی ئاو لە تورکیا دادەنرێت، هەروەها بە سێیەم گەورەترین پڕۆژەی لەم جۆرە لە جیهاندا دادەنرێت.

بە وتەی شارەزایانی پسپۆڕ لە ئاو و بەنداوەکاندا، بوونی ئەم بەنداوە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی پشکی عێراق لە ئاوی دیجلە بە ڕێژەی 50% لە ماوەی چەند ساڵی داهاتوودا.

مانگی ئابی ساڵی ڕابردوو ئەنقەرە ڕەزامەندی لەسەر دروستکردنی بەنداوی “جەزرە” لەسەر ڕووباری دیجلە لە پارێزگای سیرناخ لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا ڕاگەیاند.

شارەزای ستراتیژی و سیاسەتی ئاو، ڕەمەزان حەمزە دەڵێت، “سیستەمی بەنداوی تورکیا بە بەنداوی ئیلیسو و ئەلجەزرەشەوە سیستەمێکی خنکێنەرە بۆ عێراق”.

ئەو ڕێوشوێنانەی عێراق لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بۆ سنووردارکردنی کاریگەرییەکانی ئەو بەنداوانە و داوای پشکی ئاوی لە تورکیا گرتویەتیەبەر، “جگە لە بەڵێن و وتە هیچی تر نییە”.

ساڵانێکە لەلایەن هەردو حکومەتی تورکیا و ئێرانەوە بە دروستکردنی بەنداو لەسەر ڕووباری دیجلە و فوڕات، و هەروەها ئەو ئاوانەی لە خاکی ئێرانەوە دەڕژێنە خاکی عێراقەوە، قەیرانی کەمی ئاو و وشک بوونی چەند ڕوبارێکی لە عێراق لێکەوتۆتەوە،

بەتایبەت لەم ساڵانەدا بەهۆی وشک بوونی بەشێک لە هۆرەکانی باشووری عێراق، بەرهەمی ماسی کەمیکردووە و دیموگرافیای ناوچەکەی گۆڕیوە، هەرچەندە عێراق ڕایگەیاند گەر وڵاتانی دراوسێ ئاوی عێراق بگرنەوە، ئەوا ناچار دەبن لە دادگای نێودەوڵەتی سکاڵا تۆمار بکەن.

پەیوەنیدر