بەرگری شارستانی سلێمانی: لەناو شاردا هیچ زیانێک بەهۆی لافاوەوە تۆمار نەکراوە

ماوەی سێ ڕۆژ دەبێت شەپۆلێکی بارانبارینی بەخوڕ ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، بەهۆیەوە لافاو و کۆبوونەوەی ئاو لە بەشێکی ناوچەکانی وەک گەرمیان و هەولێر دروستبوو.

بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، بەهۆی بارانبارینەوە لە ناو شاری سلێمانی ئاو چووەتە ناو ماڵەکانی بەشێک لە گەڕەکەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی وەک قڕگە و عەواڵ.

هاوکات ئارام عەلی، وتەبێژی بەرگری شارستانی سلێمانی بۆ (خەڵک) ڕایگەیاند، کۆبوونەوەی ئاو لەناو شار مەترسی دروستنەکردووە و هیچ ماڵێک زیانی پێنەگەیشتووە، تەنها لە بازیان، تاسڵوجە و کەنەکەوە چوونەژوورەوەی ئاو بۆ ماڵان هەبوو و ئاستەنگی هاتووچۆ لە ڕێگاکان دروستبوو.

ئەمەش لە کاتێکدایە لە ڕۆژانی ڕابردوو به‌هۆی زۆری بارانبارینه‌وه‌ لافاو له‌ زۆربه‌ی ناوچه‌كانی گه‌رمیان دروستبوو، له‌ چه‌ندین گه‌ڕه‌ك و ناوچه‌ش چوونه‌ژوره‌وه‌ی ئاو بۆ ماڵان، دوكان و كۆگای هاووڵاتییان تۆماركرا، لافاوه‌كه‌ بێجگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێكی گیانی نه‌بووە.

هاوکات بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی ناسەقامگیری کەشوهەوا بە هەمان شێوە لە ڕۆژانی شەممە و یەکشەمەشدا بەردەوامی دەبێت، بەڵام بە ئاستێکی مام ناوەندتر، پاشان وردە وردە لە درەنگانی شەوی یەکشەمەدا کۆتایی بە کاریگەری شەپۆلەکە دێت.

پەیوەنیدر