بارانی بەلێزمە و تەرزە دەگاتە هەرێم و لافاو دروست بوو

دوابەدوای هۆشداری چەند ڕۆژی ڕابردووی دامەزراوە كەشناسییەكان، شەپۆلی بارانی بەلێزمە و تەرزە گەیشت ناوچەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان و لە چەند ناوچەیەك لافاو دروست بووە.

سیروان ساڵح، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، له ئێستادا هەورێکی بەهێزی کەڵەکەبووی هەورەبروسکە و بارانی بەخوڕ نزیک سەنتەری شاری موسڵ بۆتەوە، لە لایەکی ترەوە لە بانی جەزیرەی باشووری شاری موسڵ و خۆرئاوای شاری تکریتەوە هەورێکی بەهێزی باران و هەورەبروسکە بەرەو سەنتەری تکریت و پاشان دوزخورماتوو، حەویجە، کەرکوک و هەولێر بەڕێوەیە.

ڕوونیشی كردەوە، لە باشووری بەغدادیشەوە هەورەبروسکە و باران نزیکی شارەکە بۆتەوە و لە ناوچه بیابانیەکانی ئەنبار لە ماوەی تەنها یەک کاتژمێری ڕابردوودا لافاو لە چەم و دۆڵەکان دروست بووە و باران بەردەوامە.

وتیشی، “شاری حەدیسە لە باکووری ئەنبار شەپۆلێكی بارانی بەخوڕ و تەرزە گرتویەتییەوە و لافاو لە بەشێكی ناوچەكانی دروست بووە”.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە بەپێی پێشبینییە كەشناسییەكان، لە ئەمشەوەوە شەپۆلەكە هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و سەرەتا لە پارێزگای دهۆكەوە دەستپێدەكات و دواتر ناوچەكانی دیكەی هەرێم و هۆشداری ڕوودانی لافاو دەكرێت بۆ سبەینێ‌ و تاوەكو ڕۆژی سێ‌ شەممە دەخایەنێت.

بارینی تەرزە لە شاری حەدیسە

پەیوەنیدر