‎گۆڕان بڕیاریدا خانەى ڕاپەڕاندن هەڵبژێرێت

جڤاتی نیشتمانی گۆڕان رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەمە (١٥ی ١١ی ٢٠٢٣)، جڤاتى نیشتمانى بزوتنەوەى گۆڕان کۆبونەوەى تەواوکارى خۆى ئەنجامدا و بڕیاردرا بەپێى ڕێکارەکانی دەستورى ناوخۆیی، خانەى ڕاپەڕاندن هەڵبژێردرێت.

‎جڤاتی نێشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە کە کارنامەى کۆبونەوەکە، تەواوکردنی تەوەرەکانى کۆبونەوەى رۆژى (٢١ی ١٠ی ٢٠٢٣)ی جڤات بو، کە تێیدا تاوتوێى پەرەسەندنە سیاسییەکانى هەرێم، عێراق و ناوچەکە و کاریگەرى ئەو هەلومەرجە سیاسییە لەسەر پڕۆسەى سیاسى هەرێمى کوردستان و ڕەنگدانەوەى لەسەر ژیان و گوزەرانى هاوڵاتیان کرا.

‎لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە دۆخى سیاسى و ئیدارى و دارایی و یاسایی هەرێمى کوردستان و ئاڵنگارییەکانى بەردەم دامەزراوەکانی حکومڕانى، چارەسەرکردنى کێشە یاسایی و سیاسییەکانى نێوان حکومەتى هەرێم و حکومەتى ئیتحادى، بەتایبەت دۆزینەوەى ڕێگەچارەى گونجاو بۆ قەیرانى دارایی و باشکردنى بژێوى هاوڵاتیان و موچەى فەرمانبەران و مامۆستایان، لەگەڵ پێویستی ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بۆ نوێکردنەوەى ڕەوایەتى سیاسى و لابردنى ئاستەنگەکانى بەردەم دامەزراوە شەرعییەکان.

‎دەشڵێت:”لەبارەى دۆخى ڕێکخراوەیی بزوتنەوەى گۆڕان و ئامادەکارییەکان بۆ خۆڕێکخستنەوە و قۆناغى نوێ، جڤاتى نیشتمانى بڕیاریدا، یەکەم: پڕۆسەى ئاشتەوایی و پێکەوەکارکردن لەگەڵ کارەکتەرانى دەرەوەى پەیکەرى رێکخراوەیی بزوتنەوەى گۆڕان بەردەوامى هەبێت و هەمووان بەیەکەوە شان بدەینە بەردەم ئەو بەرپرسیارێتیەی لە ئەستۆمانە بۆ خزمەتى خەڵکى کوردستان. دووەم: بەپێى ڕێکارە دەستورییەکان خانەى ڕاپەڕاندن هەڵبژێردرێت بۆ جێبەجێکردنى بڕیار و راسپاردەکانى جڤاتى نیشتیمانی و لە پێکهاتەکەیدا ڕەچاوى کەسایەتییە سیاسییە دیار و بەئەزموونەکان و نوێنەرایەتى گەنجان و ئافرەتان بکرێت. سێیەم: تەواوکردنى هەنگاوە کردارییەکان بۆ بەستنى کۆنفڕانسى نیشتیمانى و خۆئامادەکردن بۆ قۆناغى داهاتوو و ئەو ئەگەرە چاوەڕوانکراوانەى روبەڕومان دەبێتەوە”.

‎جڤاتی نیشتمانی گۆڕان ئاماژەی بەوەشکردووە لە کۆتاییدا، جەختکرایەوە لەسەر جێبەجێکردنى ستراتیجى سیاسیی بزوتنەوەى گۆڕان، وەک بزوتنەوەیەکى جەماوەرى مەدەنى پشتئەستور بە هاوڵاتییان دوور لە نەریتى بنەماڵە و تەوریسى سیاسیى؛ هەل بڕەخسێنێت بۆ هەر هاونیشتیمانییەک بەشداریی سیاسیی و نوێنەرایەتى داخوازى و کێشەکانى چین و توێژەکانى کۆمەڵگەى کوردستان بکات.

پەیوەنیدر