قوباد تاڵەبانی بۆ فەرماندە ئاکام: تۆ بۆ هەمیشە لە دڵی هەمووماندا بە زیندوویی دەمێنیتەوە

قوباد تاڵەبانی، بۆ کۆچی دوایی فەرماندە ئاکام پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئۆغرت خێر بێت فەرماندە ئازاکەی کوردستان، کوردستان بەگشتی و هێزی کۆماندۆ بەتایبەت فەرماندەیەکی ئازا و دڵسۆزی لەدەستدا.

لە پەیامەکەیدا دەشڵێت:” فەرماندە ئاکام بە تەمەنێکی کەمەوە ببووە جێگەی هیوا و ئومێدی هەموومان، ئەو نمونەیەکی باڵای جوامێری بوو، هەمیشە لە بەرەکانی شەڕدا خۆی دەخستە مەترسییەوە تا هاوسەنگەرەکانی بپارێزێت”.

ئاماژەی بەوەشکرد، روحت شاد فەرماندە. دڵنیابە هەڤاڵ و هاوسەنگەرەکانت بە هەمان روح و ورە و باوەڕی تۆوە لە خەمی پاراستنی ئارامی و ئاسایشی کوردستاندا دەبن و درێژەپێدەری ئەو رێبازە دەبن کە تۆ لەپێناویدا گیانی ئازیزی خۆت پێشکەش کرد.

دەشڵێت:”تۆ بۆ هەمیشە لە دڵی هەمووماندا بە زیندوویی دەمێنیتەوە و دڵنیابە بەهۆی هەڤاڵ و هاوسەنگەرەکانتەوە هەوڵ و ماندووبوونەکانت بێ ئاکام نابێت”.

رۆژی ١٩-١٠-٢٠٢٢، هێزەکانی کۆماندۆ بە سەرپەرشتیی ئاکام عومەر، فەرماندەی هێزەکە بۆ ئۆپەراسیۆنێک دەچنە سنووری گەرمیان لە شارۆچکە زنانە، بەمەبەستی کێوماڵکردنی سنوورەکە و دەستبەسەرداگرتنی مۆڵگە و پاشماوەکانی داعش لە سنوورەکە، بەڵام بەهۆی تەقینەوەی مینەوە. ئەندامێکی هێزەکە شەهید دەبێت و فەرماندەکەیان و حەوت ئەندامی دیکەیان بریندار دەبن.
 
کاتژمێر ١٢ی شەوی ٣٠-١٠-٢٠٢٢ لە نەخۆشخانەی شاری پزیشکی فاروقەوە بەڕێکرا بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی و لەوێشەوە بۆ ئەڵمانیا بەڕێکرا و دوای دوومانگ مانەوە لە نەخۆشخانە ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا.

پەیوەنیدر