لە شەش ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 50 هەزار عێراقی ئاوارەبوون

نووسینگەی هاوئاهەنگی و کاروباری مرۆیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە لە شەش ساڵی رابردوودا زیاتر لە 52 هەزار عێراقی ئاوارە بوون، زۆربەی ئەو ئاوارەبوونانەش لە نێوەڕاست و باشووری عێراق بووە.

نووسینگەی هەماهەنگی و کاروباری مرۆیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕاپۆرتێکی تایبەتی لەسەر دۆخی کەشوهەوا و کەم ئاوی لەعێراق بڵاوکردەوە و ئاماری زیانەکانی بێ ئاوی و ژینگەی لە عێراق خستەڕوو.

بەگوێرەی ئاژانسەکە، 13٪ـی دانیشتووانی هەندێک لە ناوچەکان بەهۆی دۆخی خراپی کەشوهەواوە ئاوارە بوون، ئەوانەش کە هێشتا نەڕۆیشتوون بە ” گیرخواردوو” ناوبرد، چونکە زۆربەیان لەبەر خراپیی باری داراییان ناتوانن شوێنەکەیان جێبهێڵن.

ئەو ئاژانسەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاوارەبوونی دانیشتووان بۆ چوار هۆکاری سەرەکی دەگەڕێنێتەوە لەوانە: کێشە ژینگەییەکان و نەبوونی ئاو، نەبوونی خزمەتگوزاری و ژێرخان، نەبوونی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان و شەڕ و پێکدادان.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، 52 هەزار و 290 هاووڵاتی لە نێوان کانوونی دووەمی 2016 بۆ تشرینی یەکەمی 2022 ناوچەکانی خۆیان جێهێشتووە و ئاوارەی شارەکانی نێوەڕاستی عێراق و هەرێمی کوردستان بوون. واتە لە هەر 10 دانیشتوویەکی ئەو ناوچانە یەکێکیان ئاوارە بووە.

ئەو ئامارەی لە راپۆرتەکەدا خراوەتەڕوو لە 9 پارێزگا، 29 قەزا و 262 شارۆچکە کۆکراوەتەوە.

ئەو ئاژانسەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، نزیکەی 62 هەزار خێزان لەو ناوچانەی عێراقدا دەژین، کە ئاوارەبوونی دانیشتووان تێیاندا روودەدات.

پەیوەنیدر