وەزیری پەروەردە بۆ مامۆستایانی وانەبێژ و پشووی شەممە بڕیاریدا

وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، زیادکردنی ڕۆژی شەممە وەک پشووی کۆتایی هەفتە زیانی نابێت و ڕۆژەکانی خوێندن کەم ناکاتەوە و دەشڵێت: “لەگەڵ وەزارەتی دارایی کۆتا کۆنووسی تایبەت بە مامۆستایانی وانەبێژیان ئامادەکردووە و بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی بەرزدەکەنەوە”.

د.ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێم بە میدیاکانی ڕاگەیاند، بڕیاری زیادکردنی ڕۆژی شەممە وەک پشووی کۆتایی هەفتە لە ناوەندەکانی خوێندن کاریگەری نەرێنی لەسەر خوێندکاران و شێوازی خوێندنیان نابێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، توێژینەوەی پێویست لەسەر ئەو پرسە کراوە و کێشە دروست ناکات و ڕۆژەکانی خوێندن کەم ناکرێتەوە، بەڵکوو پشووەکانی دیکە ڕێکدەخەنەوە.

لە بارەی پرسی مامۆستایانی وانەبێژ وتی، “لەگەڵ وەزارەتی دارایی گەیشتوونەتە کۆتا کۆنووسی خۆیان و بەم زووانە بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی بەرزدەکەنەوە”.

لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە ٣٠ هەزار مامۆستای وانەبێژ هەیە و داوای دامەزراندن دەكەن و دوای چەندین خۆپیشاندان و كۆبوونەوەش لەگەڵ بەرپرسانی حكومەت لە ئەنجوومەنی وەزیران، هێشتا بڕیاری دامەزراندنیان نەدراوە.

 

پەیوەنیدر