بەڕێوەبەرایەتی ڕەگەزنامە هاووڵاتیان ئاگاداردەکاتەوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕەگەزنامە، داوا لە فەرمانگەکان دەکات تا هاووڵاتیان ئاگاداربکەنەوە و بچن کارتی نیشتیمانی وەربگرنەوە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕەگەزنامەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایدەگەیەنێت، ژمارەیەکی زۆری کارتی نیشتیمانی لە فەرمانگەکانی تەواوبوون و چاپکراون، بەڵام خاوەنەکانیان نەچوون وەریبگرنەوە.

ئاگاداری سەرجەم فەرمانگەکان دەکەن، هانی هاووڵاتیان بدەن و وێنەی کارتی نیشتیمانییەکانیان بڵاوبکەنەوە، تا هاووڵاتیان بچن و کارتە نیشتیمانیەکانیان وەربگرنەوە.

تەنها بەڕێوەبەرایەتی ڕەگەزنامە نییە کە ئەم کێشەییەی هەیە، بەڵکو بەڕێوەبەرایەتییەکانی پاسپۆرتیش هەمان کێشەیان هەیە، تەنها لە سلێمانی زیاتر لە هەشت هەزار پاسپۆرت هەیە کە خاوەنەکانیان نەچوون وەریانبگرنەوە.