توركیا لەسەر نەوتی هەرێم داوای قەرەبوو دەكات

 

وەزارەتی وزە و سەرچاوە سرووشتییەكانی توركیا رایگەیاند لەمیانی ئەو داوایەی لە دادگای ناوبژیوانیی سەر بە ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی لە پاریس لە نێوان توركیا و عێراق دادبینی بۆ دەكرا، لە كۆی پێنج داواكاری عێراق چواریان رەتكراونەتەوە و بەشێكی زۆری داواكارییەكانی توركیاش قبوڵكراوە و بەمەش بڕیاری قەرەبووكردنەوەی توركیا لەلایەن عێراقەوە دەركراوە.

وەزارەتی وزە و سەرچاوە سرووشتییەكانی توركیا جەختی لەوە كردەوە ئەو دۆسییەیە لە راستیدا بریتییە لە رەنگدانەوەی ناكۆكی نێوان حكوومەتی عێراق و حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر پرسی بەڕێوەبردن و داهاتی نەوت كە بۆماوەی چەندین ساڵە بەردەوامە.

هەر لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەش كراوە توركیا هەمیشە رێزی لە یەكێتی و یەكپارچەیی عێراق گرتووە و هەڵیداوە بۆ سەقامگیری ئابووری و سیاسی ناوچەكە و عێراق.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە: “لە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی بردنەوەی عێراق لەو دۆسییەی لە نێوان توركیا و عێراق لە دادگای ناوبژیوانیی سەر بە ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی لە پاریس دادبینی دەكرا، بە پێویستمان زانی رایگشتی لەسەر ئەو پرسە ئاگادار بكەینەوە”.

دەشڵێت: توركیا هاوبەشی گرنگی ژمارەیەكی زۆری پرۆژەی وزەی نێودەوڵەتییە و هەمیشە بەرپرسیارێتی خۆی بەجێگەیاندووە. سەرەڕای هەموو ئەو ناسەقامگیریانەی لە ناوچەكەدا سەریانهەڵداوە، لە ساڵی ١٩٧٣وە ملیارەها دۆلارمان خەرج كردووە بۆ بەكارخستنی سیستەمی هێڵی بۆری نەوتی توركیا-عێراق و هاوكاری زۆرمان كردووە لە پاراستنی سەقامگیری بازاڕی نەوتی جیهانی.

روونیشیكردەوە، بۆ چارەسەركردنی ئەو ناكۆكییە بە شێوەیەكی دۆستانە، دیپلۆماسییەتێكی چڕیان نیشانداوە بەرامبەر لایەنەكان و وڵاتە پەیوەندیدارەكان. لە قۆناغی ئەم دادبینییەدا كە پێیی گەیشتوون، دەستەی ناوبژیوان لە كۆی پێنج داواكاری عێراق چواریانی رەتكردووەتەوە. هاوكات بەشێكی زۆری داواكارییەكانی توركیای قبوڵكردووە و بەهۆی ئەو پێشێلكاریانەوە بڕیاری قەرەبووكردنەوەی توركیای لەلایەن عێراقەوە داوە.

دەشڵێت “توركیا هەمیشە ئامادەیە بەرپرسیارێتی یاسای نێودەوڵەتی بەجێبگەیەنێت و هاوكاربێت لە چارەسەرێكی هەمیشەیی لە نێوان لایەنە بنەڕەتییەكانی ئەو ناكۆكییانەدا”.

پەیوەنیدر