ژمارەی قوربانیان لە ڕۆژئاوای كوردستان و سووریا بەرز دەبێتەوە

 

تا دێت ژمارەی قوربانیان لە ڕۆژئاوای كوردستان و سووریا بەرزتر دەبنەوە و خەریكە كارەساتێكی مرۆیی ڕوو دەدات.

هاوكارییەكان بۆ تەواوی لێقەوماوان ناگەنە ڕۆژئاوای كوردستان و باكووری سووریا، لەوێ زیاتر لە پێنج ملیۆن كەس بێ ماڵ و حاڵ ماونەتەوە، ژیانیان لە مەترسیدایە.

پارێزگاكانی ئیدلب، حەلەب، حەما، لازقییە و تەرتوس كەوتنە ژێر كاریگەری بوومەلەرزە بەهێزەكانی رۆژی شەشی شوبات، تا ئێستاش هەوڵەكانی تیمە فریاگوزارییەكان بۆ رزگاركردنی ئەو كەسانەی لەژێر داروپەردووی بیناكاندا گیریان خواردووە، بەردەوامن.

بەپێی زانیارییەكان، لە ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان و پارێزگای ئیدلب دوو هەزار و ١٦٦ كەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە دوو هەزار و ٩٥٠ی دیكەیش برینداربوون.

ئاژانسی هەواڵیی سانا سەر بە حكومەتی سووریاش بڵاویكردەوە، بەهۆی بوومەلەرزەكەوە لەو ناوچانەی لەژێر كۆنترۆڵی حكومەتدا لە هەریەك لە پارێزگاكانی حەلەب، حەما، لازقییە و تەرسوس هەزار و ٤٠٠ كەس گیانیان لەدەستداوە و دوو هەزار و ٣٤١ی دیكەیش برینداربوون.

لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆن لە باكووری سووریا، زۆرێك لە باڵەخانەكان داڕووخان یان زیانیان پێگەیشتووە.

ئەندامانی سوپای نیشتمانیی سووریاش بەشداری لە كارەكانی گەڕان و رزگاكردنی ناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی ئۆپۆزیسیۆن دەكەن.

بریندارەكان لە بنكە تەندروستییەكان چارەسەریان بۆ دەكرێت، هەزاران كەس لە رزگاربووانی بوومەلەرزەكە كە ماڵەكانیان وێران بووە یان زیانیان پێگەیشتووە، شەو لە شەقامەكان و مزگەوتەكان یان لەژێر خیوەتەكان دەمێننەوە.

كاولكارییەكانی شارۆچكەی جەندریس لە عەفرین یەكێكە لەو شوێنە نیشتەجێبوونانەی بەهۆی بوومەلەرزەكەوە زۆرترین زیانیان بەركەوتووە.

بەگوێرەی سەرچاوەكانی بەرگریی شارستانی لە میانی هەوڵەكانی گەڕان و رزگاركردندا، تەرمی زیاتر لە ٥٠٠ كەس دۆزراوەتەوە، سەدان برینداریش دەرهێنراون.

پەیوەنیدر