كەشناسێك زانیاری لەسەر شەپۆلی بەفر و باران بارین بڵاودەكاتەوە

شارەزایەكی كەشناسی ڕایدەگەیەنێت، لە ئێوارەی ئەمڕۆوە شەپۆلێكی بەفر و باران بارین هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و سەرەتا لە ناوچەكانی دهۆكەوە دەستپێدەكات و ئەگەری بارینی 20 بۆ 30 سانتیمەتر بەفر دەكرێت.

ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، لەكاتەكانی ئێوارەی ئەمڕۆوە جارێكی دیكە شەپۆلی بەفر و بارانبارین لەناوچەكانی پارێزگای دھۆك و ناوچە شاخاوییەكانی كاریگەری چالاك ئەبێتەوە ناوبەناو لێزمە باران ئەبێت و لەناوچە شاخاوییە بەرزەكانیشدا بەفر بەچڕی دەستپێدەكاتەوە.

ڕوونیشی كردەوە، لەبەرزی ١٠٠٠ مەتر زیاتر لە ئاستی ڕووی دەریا بەفر دەبارێت، كە تا ناو سەنتەری شارۆچكەی ئامێدی و بامەڕنێ و كانی ماسی بەفر بارین ئەبێت، بەڵام لەسەنتەری شارۆچكە و شارەدێیەكانی دیكەی پارێزگاكەدا، كە شەوی ڕابردوو بەفرباری بەھۆی بەرزبوونەوەی شێ و پلەكانی گەرما لە ئەمشەودا جۆری دابارینەكە دەگۆرێتەوە بۆ باران كە جار جار لێزمە باران ئەبێت.

وتیشی، “لەسەرتاسەری ناوچەكانی دیكەی ھەرێمدا كەش بۆ ئەمشەو سەقامگیر دەبێت لەگەڵ نمە باران لەھەندێك كاتدا و خێرایی با مامناوەند بۆ چالاك ئەبێت”.

ئاشكراشی كرد، ڕێژەی پێشبینیكراوی بەفر و بارانبارینی ئەمشەو لە سنوری پارێزگای دھۆك ٢٠ بۆ ٣٠ سەنتیمەترە و باران ١٥ تا ٣٥ میلیمەتر زیاترە.

پەیوەنیدر